نەتەوەیەکگرتووەکان: تائێستاش لە عەفرین تاوانی شەڕدەکرێت

کۆمسیۆنی لێکۆڵینی سوریای سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە عەفرینی داگیرکراودا تائێستاش تاوانی شەڕ ئەنجامدەدات، هەروەها بە وردی جۆری تاوانکارییەکانی خستووەتەڕوو و ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەموو تاوانەکان لەژێر چاودێریی بەرپرسانی تورک-دا دەکرێت.


کۆمسیۆنی لێکۆلینی سوریای سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ ٤٢مین دانیشتنی مافی مرۆڤی کۆنسەی مافێ مڕۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد.

ڕاپۆرتەکە لە ٢١ لاپەڕە پێکدێت و پشتی بە چاوپێکەوتن، دیمەن، وێنە و شیکردنەوەی دیمەنەکان بەستووە.

'دەستگیرکردن و ڕفاندنی هاوڵاتیان بەردەوامە'

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە عەفرین دەدات کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە و ڕادەگەیەنێت، لە عەفرین پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ زیادتر دەبێت.

هەروەها ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە، کێشەی ئاسایش و ئارامی سەریهەڵداوە و کێشەکان بەردەوامن، هەروەها ئەشکەنجە، دەستگیرکردن و دەرکردنی هاوڵاتیە کوردەکان لەسەر زەوی و زارەکانیان لەلایەن گروپە چەتەکانەوە بەردەوامە، چارەنووسی زۆر کەس کە لە خاڵەکانی کۆنتڕۆڵ و ماڵەکانیان ڕفێندراون نادیارە، چەتەکان بۆ ئازادکردنی هاوڵاتیان داوای بڕێکی زۆر پارە دەکەن، ئەوانەی گروپە چەتەکان ڕەخنە دەکەن یان پشتگیری لە ئیدارەی پێشووی عەفرین دەکەن، ئەشکەنجە دەدرێن، هەروەها دەستگیرکردنی و دەرکردنی هاوڵاتیان بەردەوامە.

'ماڵ و موڵکی ئەو کەسانەی دەگەڕینەوە، ڕادەستیان ناکرێتەوە'

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، گروپە چەتەکان و بنەماڵەکانیان، دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتییە مەدەنییەکاندا گرتووە و ئەو کەسانەی دەگەڕینەوە ماڵ و موڵکیان ڕادەست ناکرێتەوە، زۆربەی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، ناچارن بۆ بەدەستهێنانەوەی موڵ و موڵکیان، پارەیەکی زۆر بە چەتەکان بدەن، دەست بەسەر دارە زەیتونەکانیان و ماڵەکانیاندا دەگیرێت یان باجیان لێوەردەگیرێت.

'مێژوو و کلتور تاڵاندەکرێت'

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەکرێت، میراسی کلتوری و مێژوو لەلایەن گروپە چەتەکانەوە تاڵاندەکرێت، لەو بارەوەیە ڕاپۆرتی نوێ گەیشتوونەتە دەستی کۆمسیۆنەکە و دەڵێت، "چەتە توندڕەوەکان لەو ناوچانەی کە حوکم دەکەن، مافی ژنان پێشێلدەکەن، بە زۆر هەوڵی بەحجابکردنی ژنان و منداڵە کچەکان دەدەن، قسەی نەشیاو بەو ژن و کچانە دەڵێن، کە لە خاڵەکانی کۆنتڕۆڵدا تێدەپەڕن.

'تاوانەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورکدا دەکرێن'

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەدەکرێت، بەرپرسانی تورکیا لەبەرامبەر کردەوەکانی گروپە چەتەکان بێدەنگن و ئەو کەسانەی گلەییش دەکەن، فەرامووش دەکرێن، بەرپرسانی تورک هیچ هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵی چەتەکان نادەن و لەبەرامبەر تاوانەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێدەنگن، ناوەندە ئیداریی، دادگا و بەڕێوەبردنەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورکدایە، دادوەرەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە دادەمەزرێنرێن، کارمەندە کوردەکان لەکارەکانیان دووردەخرێنەوە و عەرەب لە جێگەیان دادەنرێن.

'تائێستاش تاوانی شەڕ دەکرێت'

ڕاپۆرتەکە باس لەوەدەکات، ڕووداوەکانی عەفرین بەشێک لە تاوانی شەڕە و ڕفاندن، ئەشکەنجە و دەستگیرکردنی هاوڵاتیە مەدەنیەکانی عەفرین کە لەلایەن چەتەکانەوە دەکرێن، نیشانەی ئەوەیە، تاوانەکانی شەڕ بەردەوام دەبن.

هەروەها کۆمسیۆنی لێکۆلینی سوریای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بە کامپەکانی هۆل، ڕۆژ و عەین عیسا کرد کە خێزانی چەتەکانی داعشیان تێدایە و ڕایگەیاند، حەفتا هەزار کەسی ناو کەمپەکان کێشەی خواردن، پاک و خاوێنی و نەخۆشیان هەیە.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا کۆمسیۆن داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزە داگیرکەرەکان، ڕژێمی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرد، کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سوریا بهێنرێت.

د.ع