نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی خێرا دەکات لە سەرانسەری جیهان

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی بەپەلە دەکات لە سەرانسەری جیهان و بڕی دوو ملیار دۆلاریش بۆ وڵاتانی هەژار دابین دەکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا.


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، شەوی رابردوو لە وتارێکدا لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی بەپەلەی شەڕی کرد لە تەواوی وڵاتانی نائارام بەئامانجی پاراستنی خەڵک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو مەترسییەی کە لەسەر تەواوی جیهان دروستیکردووە.

گۆتێریس ڕایگەیاند، قوربانیی یەکەمی شەڕەکان لە جیهاندا، ژنان و منداڵان و کەسانی بەتەمەن و نەخۆشن، کۆرۆناش ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشەیەکی جدیی لەسەر ئەو توێژە.

دوای ١٠ ساڵ لە شەڕ و ماڵوێرانی لە سوریا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکەم حاڵەتی کۆرۆنا تیایدا تۆمار کرا، دوو حاڵەتیش لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و ئەفغانستانیش تۆمار کرا کە شەڕ بەتەواوی کەرتی تەندروستی تیایاندا وێران بووە و بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.

گۆتێرێس، وتیشی، ئێستا کاتی ڕاگرتنی شەڕە، "پێویستە پێکەوە ڕوبەڕووی ئەم هەڕەشە نوێیە ببینەوە، پێویستە لایەنەکان لولەی تفەنگەکانیان بخەنە سەر زەوی، هێرشە ئاسمانیەکانیان ڕابگرن، ئەمە پرسێكی گرنگەو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەوە هەیە".

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی دوو ملیار دۆلار بۆ ئەو وڵاتە هەژارانەی کە توانای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان نییە و سبەینێش هەنگاوی پێویست دەنرێت لەوبارەیەوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەوڵدایە شەڕ لە لیبیا و یەمەن و سوریا بەتایبەت ڕابگرێت و کۆمەکە مرۆیی و تەندروستییەکان تایبەت بە خۆپارێزی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگەیەنێتە ئەو وڵاتانە.

 

ش.ف