سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند “مرۆڤایەتی خەریكە یاری بە چەكێك دەكات، كە میلی هێندراوەتەوە”، دەشڵێت: ئەو قەیرانانەی كە ڕێگە بۆ كارەساتی ئەتۆمیی خۆش دەكەن، لە سەرتاسەری جیهان ڕوویان لە هەڵكشان كردووە.
ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتارێكدا، كە لە شاری هێرۆشیما بە بۆنەی یادكردنەوەی بۆردوومانی ئەتۆمی ژاپۆن لە ساڵی ١٩٤٥بەڕێوەچوو، داوای لە وڵاتانی جیهان كرد، كە دووبارە پابەندبن بە پەیماننامەی داماڵینی چەكی ئەتۆمیی.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس هۆشداریدا لەوەی “مرۆڤایەتی خەریكە یاری بە چەكێك دەكات كە میلی هێنراوەتەوە” و وتی: ئەو قەیرانانەی كە ڕێگە بۆ كارەساتی ئەتۆمی خۆش دەكەن، لە سەرتاسەری جیهان ڕوویان لە هەڵكشان كردووە.
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بۆ ڕووسیا وتی: بۆ ئەو وڵاتانەی كە خاەنی چەكی ئەتۆمین، قبوڵكردنی ئەگەری شەڕی ئەتۆمی ئەستەمە، جەختیشیكردەوە، پێشبڕكێ لەسەر چەك لە پەرەسەندندایە.
گۆتێرێس تیشكی خستەسەر ئەو بارودۆخە ترسناكەی، كە خەڵكی شارە بۆردوومانكراوەكانی ژاپۆن لە ساڵی ١٩٤٥دا تووشی بوون و هۆشدارییدا لە مەترسییەكانی قەیرانەكانی ئۆكراین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیمچە دوورگەی كۆریا و وتی: لە چاوتروكانێكدا دەیان هەزار كەس لەو شارە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمەش لەكاتێكدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی دا لەوەی، لەئێستادا جیهان ڕووبەڕووی ئاستێك لە مەترسی ئەتۆمیی بووەتەوە، كە هاوشێوەكەی لە كاتی گەرمەی جەنگی ساردەوە نەبیندراوە، جەختیشكردەوە: تەنیا یەك لێكتێنەگەیشتن یان هەڵەیەك دەتوانێت مرۆڤایەتیی بەرەوە لێواری لەناوچوونی ئەتۆمیی ببات.
لە ٦ی ئابی ١٩٤٥دا، فڕۆكەیەكی بۆمبڕێژكراوی ئەمریكی، بۆمبێكی یۆرانیۆمی بەسەر شاری هێرۆشیمای ژاپۆن هەڵدا و لە ئەنجامدا ١٤٠ هەزار كەس گیانیان لەدەستدا، سێ ڕۆژ دواتریش، دووەم بۆمبی ئەتۆمی هەڵدرایە سەر شاری ناگازاكی و دوای دوو هەفتە ژاپۆن گەمارۆدرا و جەنگی جیهانی دووەم كۆتایی هات.
ڕ.ڕ