نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، لە ماوەی پێنج ساڵی بەردەوامی شەڕ لە یەمەن، ٢٣٣ هەزار کەس کوژراون، داواش دەکات شەڕ بەزووترین کات ڕابگیرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەمەنیەکان لە قورسترین دۆخی مرۆییدان، دووپاتیشیدەکاتەوە ٨٠٪ی دانیشتوان، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، نزیکەی یەک ملیۆن منداڵی یەمەنی پێویستیان بە چارەسەر و خواردن هەیە، لەنێویشیاندا ٣٦٠ هەزاریان مەترسی مردنیان لەسەرە.
هەروەها ڕایگەیاندبوو، ٢٠ ملیۆن یەمەنی هەڕەشەی ئاسایشی خۆراکیان لەسەرە، باسی لەوەشکرد، بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی کۆرۆناوە، ئەگەری داخستنی ٢٦ بەرنامەی مرۆیی هەیە لە یەمەندا لە کاتێکدا ١٦ بەرنامەی مرۆیی بە فەرمی داخراون سەرجەمیان ٤١ بەرنامە بووە.
شەڕی ناوخۆی یەمەن لە نێوان حوسیەکان و حکومەت ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە، حوسیەکان لەلایەن ئێران و حکومەتیش لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبییەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە ئێستادا نیوە بە نیوە وڵاتیان بەدەستەوەیەوە.
ی. ک