سێشەممە, 21 أبر 2020 – 22:07 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە لەوەی، کە ئەو کەسانەی ئەگەر هەیە ڕووبەڕووی کەمی خۆراک ببنەوە، لەمساڵدا بگەنە ٢٦٥ ملیۆن کەس، ئەویش بەهۆی گۆڕانکارییەکانی جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
عارف حسێن، گەورە پسپۆڕی ئابووری و بەرپرسی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی چاودێریی لەبەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت: کۆرۆنا کارەساتێکی پێشبینیکراوە لەسەر ملیۆنان هەژار کە ژیانیان لە مەترسیدایە.
ڕێکخراوەکە بە پشتبەستن بە ڕپۆرتەکانی ساڵی ڕابردوو، پێشبینی ئەوەشی کردووە لەمساڵدا نزیکەی ١٣٠ ملیۆن کەس بە توندی ڕووبەڕووی برێستیی ببنەوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێژەیە ١٣٥ ملیۆن کەس بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، زۆرینەی ئەوانەی ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە، لەو وڵاتانەن کە شەڕ و ململانێیان تێدایە، بەجۆرێک ٧٧ ملیۆن کەس بەهۆی شەڕەکان و ٣٤ ملیۆن بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواو ٢٤ ملیۆنیش بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە ڕووبەڕووی کەمی خۆراک دەبنەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ١٠ وڵات لە قەیرانێکی قوڵی خۆراکدان، لەوانەش: یەمەن، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، ئەفغانستان، فەنزوێلا، کۆماری بۆلیڤاری، ئەسیوپیا، باشووری سودان و سوریاو سودان و نەیجیریا و هایتی.
لە باشوری سودان لە ٦١٪ی دانیشتوانەکەی لە ساڵی ٢٠١٩دا بەدەست کەمی خۆراکەوە گرفتار بووە، هەروەها لە ٣٥٪ی دانیشتوانی شەش وڵاتیش بەدەست کەمی خۆراکەوە گرفتارن، لەوانەش، سودان، یەمەن، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، زیمبابۆی، ئەفغانستان و سوریاو هایتی.
د.ع