نەمسا بۆ دادگاییکردنی چەتەکان سەردانی یەکێتی ئەوروپای کرد

بۆ ئەوەی چەتەکانی داعش لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانی شەڕ دادگایی بکرێن، کە ئێستا لەژێردەستی شەڕڤاناندان، وڵاتی نەمسا کەوتووەتە جموجوڵەوە، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو بابەتە سەردانی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپای کرد.


مانگی شوبات دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کرد، کە بۆ داداگاییکردنی ئەو چەتە بیانیانەی لە سوریا بەدیل گیراون و ژمارەیان دەگاتە ٨٠٠ کەس هەنگاوبنێن، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا لە سەرویانەوە ئەڵمانیا و بەریتانیا داواکەی ترامپیان ڕەتکردەوە.

وڵاتی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی داعشە ئەڵمانییەکان نەگەڕێنەوە وڵاتەکەی، بڕیاریدا بەپەلە یاسای خۆی بگۆڕێت، حکومەتەکانی دانیمارک و بەریتانیاش بەهەمان شێوە، ڕایانگەیاند کە ئەو هاوڵاتیانەی ئەندامی داعشن وەرناگرن و گوێیان لە بانگی یەپەگە و قەسەدە بۆ دادگاییکردنی چەتەکان لە دادگایەکی نێودەوڵەتی نەگرت، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانە، نەمسا هەنگاوێکی گرنگی ناوە.

پێشنیاری دادگایەک وەک ڕواندا

هربێرت کیکل وەزیری ناوخۆی نەمسا لەسەر دادگاییکردنی چەتەکانی داعش لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانی شەڕ، لەناو یەکێتی ئەوروپا کەوتە جموجوڵەوەو لە نامەیەکدا بۆ کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا داوای کرد، کە بۆ ئەو کارە دەستپێشخەری بکات.

کیکل ئاماژەی بەوە داوە، کە بۆ ئەوەی ئەو داعشانەی تاوانی شەڕیان ئەنجامداوە لە دادگایەک کە لە ناوچەکە ڕێکدەخرێت، دادگایی بکرێن، لەگەڵ وەزیری دەرەوە کارێکی هاوبەشیان دەستپێکردووە و، وتی: ئەو داعشانەی بە ساغی بە دیلگیراون زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا دێنێتە سەر خەت، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونە پێشووەکان وەربگیرێت، پێویستە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی هاوبەش بکەین.

کیکل ئەوەشی هێنایە زمان، کە بۆ دادگاییکردنی داعشەکان، ئەوەندەی پێویست بێت بەڵگە و شاهید هەیە و وتی: دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانی شەڕ، کە لە ڕواندا لە دژی ئەو کەسانەی لە کاتی شەڕی ناوخۆ تاوانی شەڕێان ئەنجامدابوو دامەزرا، دەتوانێک ببێتە نمونە.

جێگای ئاماژەیە، زیاتر لە ٢٨٠٠ چەتەی داعش لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی یەکینەکانی تایبەتی یەپەگە-دا بە دیل گیراون کە ٨٠٠ کەسیان هاوڵاتی ٤٦ دەوڵەتی جیاوازن، کە زۆربەیان وڵاتانی ڕۆژئاوایین و لە ئێستادا لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیندانیکراون، تا ئێستا وڵاتانی فەرەنسا، ئیندونسیا، ڕوسیا، فاس و سودان، داوایان لە خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە کە، هاوڵاتیانیان کە لەلایەن یەپەگەوە دەستگیرکراون ڕادەستیان بکرێت.

س.ح