نەوتبەرەکەی ئێران 'جەبەل تارق'ی جێهێشت

کەشتییە نەوتبەرەکەی ئێران کە لەلایەن هێزی دەریاوانی پاشایی بەریتانیاوە دەستی بەسەر داگیرابوو، دوای حوکمی دادگا و گۆڕینی ناو و ئاڵاکەی ئاوەکانی جەبەل تارقی جێهێشت.


دوێنێ کەشتی نەوتبەری "گریس-١" کە لە ئێرانەوە نەوتی بۆ بەندەری بانیاسی سوریا دەبرد و و ٤٦ ڕۆژ لەمەوەبەر لەلایەن هێزی دەریاوانی پاشایی بەریتانیاوە لە ئاوەکانی حکومەتی خۆجێیی جەبەل تارق دەستیبەسەر داگیرابوو، بەرەوە دەریای ناوەڕاست بەڕێکەوت.

سەرەڕاسی ئەوەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەمریکا بە فەرمی داوایکردبوو کە دەستبەسەر داگرتنی ئەو کەشتییە بەردەوام بێت، بەڵام دادگای باڵای جەبەل تارق داواکارییەکەی ئەمریکای ڕەتکردەوە و حوکمی بە ئازادی کەشتییەکە دا.

لە ئێستادا ئەو کەشتییە کە پێشتر بە ناوی "گریس-١" و بە ئاڵای وڵاتی "پاناما"وە بازرگانیی دەکرد، ناوەکەی گۆڕێوە بە "ئادریان دەریا-١" و لە ژێر ئاڵای ئێران، ئاوەکانی جەبەل تارقی جێهشتووە و گەیشتووەتە ئاوە نێودوڵەتییەکان لە دەریای ناوەڕاست.

دەوڵەتی خۆجێیی جەبەل تارق ڕایگەیاندبوو، کە کاربەدەستانی ئێرانی بەڵێنیان داوە کە ئەم کەشتییە چیتر نەڕواتە سوریا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە کە وەها بەڵێنێکیان دابێت.

جێگای ئاماژەیە کە کەشتی نەوتبەری ئێرانی "گریس-١" کە لە ئێرانەوە نەوتی بۆ بەندەری بانیاس لە سوریا دەبرد، ٤٦ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزی دەریاوانی پاشایی بەریتانیاوە بە هۆکاری پێشلکردنی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپا لە جەبەل تارق دەستیبەسەرداگیرا، دوای ئەوەش ئێران لە کاردانەوەیەکدا دەستی بەسەر کەشتییەکی بەریتانیا-داگرت.

س.ح