نەوتبەرەکەی ئێران گەیشتە بەندەری تەرتوسی سوریا

کۆمپانیایەکی ئاسمانیی ئەمریکا ڕایگەیاند: بەپێی ئەو دیمەنانەی مانگە دەستکردەکەیان تۆماری کردووە کەشتیی نەوتبەری ئێران بە ناوی "ئادریان دەریا-١" لە نزیک بەندەری تەرتوس لە سوریا بینراوە.


دوای ئەوەی کەشتییە نەوتبەرەکەی ئێران لە جەبەل تارق ئازادکرا، ماوەیەک لە دەریا سەرگەردان بوو، چونکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمریکا هیچ وڵاتێک ئامادە نەبوو نەوتەکەی بکڕێت، بەڵام ئەمڕۆ کۆمپانیایەکی ئاسمانیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە نەوتبەرەکە گەیشتووەتە بەندەری تەرتوس لە سوریا.

کۆمپانیای 'تەنکرد ترکێرز' کە زانیاری هاتووچۆی نەوتبەرەکان بڵاو دەکاتەوە، بە پشتبەستن بە دیمەنی مانگە دەستکردەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە کەشتیی نەوتبەری "ئادریان دەریا-١" لە نزیک بەندەری تەرتوس لە سوریا لەنگەری گرتووە.

جێگای ئاماژەیە، کە ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە هەر کەسێک هاوکاریی ئەو کەشتییە نەوتبەرەی ئێران بکات ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، هەروەها وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەو نەوتبەرەی ئێرانی خستە لیستی ڕەشەوە و کاپتنەکەشی خستە لیستی گەمارۆکانەوە، جگە لەوەش، کەشتیی نەوتبەری 'گریس-١' کە ئێستا بە ناوی "ئادریان دەریا-١"ـەوە دەگەڕێت، وەک دارایی دەستبەسەرکراوی ناساند.

س.ح