هاوسەری سەرۆک کۆماری ئەلبانیا دەستگیرکرا

مۆنیکا کریمادی، ئەندامی پەرلەمانی ئەلبانیا و ڕێبەری بزوتنەوەی سوسیالیستی ئەو وڵاتە، کە هاوکات هاوسەری سەرۆک کۆماری ئەلبانیایە، لە گربوونەوەیەکی ناڕەزایی دەستگیرکرا.


لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییدا لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، کە دژی تێکدانی بینای شانۆی نیشتمانی ئەلبانیا بەڕێوەچوو، مۆنیکا کریمادی هاوسەری 'ئیلیر مێتا' سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لەگەڵ ٣٠ کەسی دیکە لە خۆپیشاندەران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

کاربەدەستانی ئەلبانیا ساڵی ٢٠١٨ لە ناکاو بڕیاریاندا کە بینای شانۆی نیشتمانی، دەبێت داخرێت و بیناکەی تێکبدرێت، بەڵام هونەرمەندانی ئەو وڵاتە و ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا دژی بڕیارەکە وەستانەوە و ڕێگەیان بەو کارە نەدا، داوایانکرد کە بیناکە بپارێزرێت و نۆژەن بکرێتەوە.

کاربەدەستانی ئەلبانیا هێشتا سوورن لەسەر بڕیارەکەیان بۆیە ڕۆژی یەکشەمە (١٧ی ئەم مانگە)، لە تیرانای پایتەخت بە ئامادەبوونی هۆنەرمەندان و لایەنە سیاسییەکان گربوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزیی لێکەوتەوە.

لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا، نزیکەی ٣٠ کەس دەستگیرکران کە یەکێکیان مۆنیکا کریمادی بوو، مۆنیکا جگە لەوەی هاوسەری سەرۆک کۆمارە، هاوکات نوێنەری پەرلەمانی ئەلبانیا و ڕێبەری بزوتنەوەی سوسیالیستی ئەو وڵاتەیە کە بە ئۆپۆزیسیۆن هەژمار دەکرێت.

ڕاگەیاندنەکانی ئەلبانیا باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییەدا کە دوابەدوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە گردبوونەوەکەدا کەوتووەتەوە، جگە لە خۆپیشاندەران، چەندین پۆلیسیش بریندار بوون.

ک.س