دووشەممە, 20 أبر 2020 – 10:15 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لە کاتێکدا ئەمریکا زۆرترین ژمارەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنای لە ئاستی جیهان تۆمار کردووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەرەنتینە لەو وڵاتە بەردەوامە.
بە گوێرەی ئاژانسی Seattle Times، دوێنێ زیاتر لە دوو هەزار هاوڵاتی شاری واشینتۆن هاتوونەتە سەر شەقامەکان و داوای کۆتاییهێنان بە کەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ و سنووردارکردنی چالاکییەکانیان کردووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، کەرەنتینە لە واشینتۆن تا ڕۆژی ٤ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و پێدەچێت بەهۆی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات، ماوەی کەرەنتینەکە درێژ بکرێتەوە.
پۆلیسی واشینتۆنیش ڕایگەیاندووە، کە خۆپیشاندانەکە بە ئارامی ئەنجام دراوە و هیچ خۆپیشاندەرێک دەستگیر نەکراوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا لە سەرتاسەری ئەمریکا ٧٦٤ هەزار و ٢٦٥ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٤٠ هەزار و ٥٦٥ کەسیش بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی دوایین ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی وڵاتان، لە سەرتاسەری جیهانیش تا ئێستا، دوو ملیۆن و ٤٠٨ هەزار و ٣٠٤ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ١٦٥ هەزار و ١٠٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە ٦٢٩ هەزار تووشبووش چاکبوونەتەوە.
س.ح