هۆبی دوای دوو مانگ هەناسەیەکی ئازاد هەڵدەمژێت

لیژنەی تەندروستیی هەرێمی هۆبی چین بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر هەرێمەکە تا ١٤ ڕۆژ هەڵگرێت، ئەوەش یەکەم هەناسەی ئازادە، کە هۆبی دوای دوو مانگ لە گەمارۆدانێکی سەخت و چڕ بەخۆیەوە دەیبینێت.


بەپێی بڕیاری لیژنەی تەندروستی چین، لە سبەینێوە تا ٨ی مانگی داهاتوو قەدەغەی هاتووچۆ جگە لە شاری وهان، لە تەواوی هەرێمی هۆبی هەڵدەگیرێت، ئەمەش پاش ئەوە دێت، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ٢٣ی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بە تەواوی گەمارۆ درا و خەڵکی لە ماڵەکانیان کەرەنتینە کران.

 تەواوی وڵاتان ئێستا زەنگی مەترسییان لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لێداوە، یەکێک لەو وڵاتانەش بەریتانیا و ئەمریکایە.

بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ماڵەکەی خۆیەوە پەیامێکی بۆ خەڵکی ناردو داوای لێکردن بۆماوەی سێ هەفتە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

ئێستا یەک ملیار و ٧٠٠ هەزار کەس لە سەرانسەری جیهان لەترسی توشیوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەرەنتینە کراون، لە نیوەی ئەمشەوەوە هاوڵاتیانی چین بە ئازادیی و بەڵام بەهوشیارییەوە لە ماڵەکانیان دێنە دەر، تەندروستی جیهانیش داوا لە گەلانی جیهان دەکەن هاوشێوەی هەرێمی هۆبی چین بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵ بن بۆئەوەی بەزووترین کات ژیانی ئاساییان دەستپێبکاتەوە.

کۆتایی ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەمجار ڤایرۆسەکە لە شاری وهانی سەر بەهەرێمی هۆبی چین سەریهەڵدا و لەوێشەوە گوازرایەوە بۆ تەواوی وڵاتانی جیهان و تا ئەمڕۆ ٨١ هەزارو ١٧١ کەس لەو وڵاتە دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٣٢٧٧ کەس گیانیانلەدەستداوەو ٧٣ هەزارو ١٥٩ کەسیش چاکبوونەتەوە.

 

ش.ف