هۆشداریی لە زیادبوونی بێسەروشوێنبووانی توندوتیژییەکان دەدرێت

ڕاوێژکاری کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت، کە لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان لە ئەنجامی توندوتیژییەکاندا بێسەروشوێن بوون، ئەوەشی بە نیشانەی قەیرانێکی جیهانیی لەقەڵەمدا. 


ئاینس کوتو، ڕاوێژکاری خاچی سووری نێودەوڵەتی لە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی دۆخی بێسەروشوێنبووانی شەڕ و توندوتیژییەکانەوە هۆشداری دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی خاچی سوور،  لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان لە ئەنجامی توندوتیژییەکاندا بێسەروشوێن بوون.

کوتو وتی:"ئێمە دەزانین ئەم ئامارە تەنیا لوتکەیەکی شاخی سەهۆڵینە و تەنها بەشێکی بێسەروشوێنبووانی ململانێ جیهانییەکانمان بۆ ئاشکرادەکات". 

خاچی سووری نێودەوڵەتیی بۆ ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتە لەگەڵ خانەوادەی بێسەروشوێنبووان و کاربەدەستانی ٤٠ وڵات، کە لە ئێستا و ڕابردوودا بە ململانی سیاسییەوە تێوەگلاون، کاری کردووە.

بەوتەی ئاینس کوتو: بەشێک لەو بێسەروشوێنبووانە ئەو پەنابەرانەن، کە لە شەڕە چەکدارییەکان ڕایان کردووە و پاشان بێسەروشوێن بوون.

ئاینس کوتو لە کوتایی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند: خاچی سووری جیهانی داواکاری کارکردنی خێرا و ڕێگرانەیە بۆ بێسەروشوێن بوونی مرۆڤەکان، بۆیە پێویستە ناوی هەموو ئەوانەی کە بەدیلگیراون تۆماربکرێت و لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا پەیوەندییان هەبێت، هەروەها زانیاری لە بارەی هەموو بێسەروشوێنبووان کۆبکرێتەوە و تۆماربکرێت، پاشماوەی تەرمەکان بناسرێت و گوڕەکان بپارێزرێن. 


ب.ل