دووشەممە, 20 أبر 2020 – 10:09 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ تاوانی جەنگی داوەتە پاڵ حکومەتی بۆرکینا فاسۆ و دەڵێت، لەکاتی ئۆپراسیۆنێکدا بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان لە شاری جیبو لو ٩ی ئەم مانگەدا، ٣١ کەسی مەدەنی دەستگیر کراون و دواتر کوژراون.
کۆرین دۆفکا، بەڕێوەبەری ڕۆژئاوای ئەفریقا لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بە فرانس پرێسی وتووە، هێزەکانی بۆرکینا فاسو ٣١ کەسیان بە دەستڕێژی گولە کوشتووە لەکاتی هەڵمەتێکدا کە بەناوی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئەنجامیانداوە کە ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ.
ڕێکخراوەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەکات دەرگای لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکە بکەنەوەو تاوانبارانی ئەو ڕووداوە دادگایی بکرێن لە هەر پلەو پۆستێکدابن.
ڕێکخراوەکە دەشڵێت، ئەوە یەکەمجار نییە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە تاوانی لەو چەشنە دووبارە بکەنەوەو بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تا ئێستا بە سەدان کەسی بێتاوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە جیهادییەکانی وڵاتەکەوە کوژراون کە ماوەی پێنج ساڵە سەریانهەڵداوە.
بۆرکینا فاسو کە دراوسێ وڵاتی نەیجیریا، لەماوەی ٢٠١٥دا بەهۆی سەرهەڵدانی گروپە جیهادییەکانەوە ڕێژەی توندوتیدژی تیایدا بەرزبوویەوەو لە ئەنجامی ململانێی نێوان هۆزەکانیشەوە ٨٠٠ کەس کوژران و ٨٦٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
بەپێی دوایین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، تەنها ساڵی ڕابردوو بەهۆی هێرشی گروپە جیهادییەکانەوە لە ناوخۆی وڵات و لە هەریەک لە مالی و نەیجیریا، نزیکەی چوار هەزار کەس کوژراون.
س.ح