هێرشە رەگەزپەرەستییەکەی ئەڵمانیا لە چەندین ناوچەی ئەو وڵاتە شەرمەزار کرا

هێرشە رەگەزپەرستییەکەی شاری هاناوی ئەلمانیا، کە هەشت کەسی تێدا کوژرا و پێنج لەوانە کورد بوون، لە چەندین ناوچەی ئەو وڵاتە ئیدانە کرا و ئەوانەی لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا بەبیر هێنرانەوە.


ئێوارەی دوێنێ لە چەند ناوچەیەکی ئەڵمانیا، هێرشە ڕەگەزپەرستانەکەی ئەڵمانیا شەرمەزار کرا، کە تێیدا هەشت هاوڵاتی کوژران.

لە شاری فریبورگی ئەلمانیا بە بەشداری سەدان کەس و ئەندامانی رێکخستنی پارتە چەپەکانی ئەلمانیا، ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کورد لە فریبورگ چالاکییەکیان بەڕیوەبرد و وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو تاوانە، بێدەنگ وەستان و مۆمیان داگیرساند.

 

GIESSEN

بە بەشداری ئەندامانی سەندیکاکانی ئەلمانیا، پارتە سیاسیەکان، رێکخراوەکانی ئەنتی-فاشیست، نوێنەری کەنیسەکان و ئەندامانی (NCKD) و سەرۆکی شارەوانی ناوچەکە مەراسیمێک ساز کرا، لە پەیامەکاندا، ئەو هێرشە ئیدانە کرا و بانگەوازییەک بۆ پشتیوانی بڵاو کرایەوە.

 

  MUNIH

لە شاری MUNIH بە بەشداری سەدان کەس کۆمەڵکوژییەکە بە چالاکییەک ئیدانە کرا، لەو چالاکییەدا کە چەندین کورد و ئەلمان تێیدا ئامادە بوون، خولەکێک وەکو ڕێزگرتن بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە، بە بێدەنگی وەستان.

 

STUTTGART

لە چالاکییەکەی شاری شتوتگارت دا چەندین هاوڵاتی کورد و گروپە چەپەکان، ئەنتی-فاشیست و کۆچبەرانی بیانی، تێیدا ئامادە بوون و دروشمی 'شان بە شانی یەکتر، لە دژی فاشیزم' بەرز کرایەوە.

 

DUISBURG

لە ناوەندی شاری دیوسبورگ لە کاتژمێر ١٨:٠٠ بە سەدان کەس گرد بوونەوە و رێپێوانێکیان ساز کرد، ئەنجومەنی ژنانی شەهید ئاسیا یوکسەل، NCKD، پارتی چەپی ئەلمانیا، لایەنگرانی DY و رێکخستنە چەپەکانی ئەلمانیا و MLKP بەشداریان لە چالاکییەکەدا کرد، دوای رێپێوانەکە، گردبوونەوەیەکی جەماوەری ساز کرا، لە پەیامەکاندا کۆمەڵکوژییەکە ئیدانە کرا.

لەو ناوچەیەدا هێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا ویستیان ڕێگری لە بەردەم ڕێپێوانەکە دروستبکەن و دوای ماوەیەک چالاکەوانان وەستان و دواتریش کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

 

KIEL

لە شاری کیڵ'یش بە هەمان ئامانج بە سەدان کەس لە وێستگەی شەمەندەفەر گردبوونەوە و کۆمەڵکوژییە فاشیستەکەیان شەرمەزار کرد، لەگەڵ هاوڵاتییانی کورد، ئەندامانی پارتی چەپی ئەلمانیا، ئەنتی-فاشیستەکان و چەندین رێکخستنی دیکە بەشداریان لەو چالاکییەدا کرد.

س.ح