هێزی دەریایی ئەمریکا: هەر کەشتییەک لە کەشتییەکانمان نزیک بێتەوە لێیدەدرێت

هێزی دەریایی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە سەرجەم کەشتی و بەلەمە خێراکان لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەگەر لە ١٠٠ مەتر زیاتر لە کەشتییەکانی نزیک ببنەوە دەکرێنە ئامانج.


دوێنێ ڕبکا ڕێباریش، وتەبێژی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا، ڕایگەیاند: کەشتییەکانمان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان هاتووچۆ دەکەن و بەدوای ئاژاوەوە نیین، بەڵام فەرماندەکانمان بۆیان هەیە مافی پاراستنی ڕەوا بەکاربێنن، ئەگەر پێویست بکات.

هۆشداریشیداوە کە ئەگەر کەشتییەکان یان بەلەمە خێراکان، ئەو مەودایە (١٠٠ مەتر) بۆ دووری لە کەشتییەکانی ئەمریکا ڕەچاو نەکەن، ئەوا دەست بۆ ڕێوشوێنە یاساییە بەرگریکارییەکان لە دژیان دەبەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هێزی دەریایی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ بەلەمە خێراکانی ئێران مانۆڕێکی مەترسیداریان لە دەوروبەری کەشتییەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە، لەسەر ئەو بابەتەش، دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، فەرمانێکی واژۆکرد کە ڕێگە بە هەموو کەشتییەکانی ئەمریکا دەدات هەر کەشتی یان بەلەمێک کە مەترسییان بۆ دروست دەکات بکەنە ئامانج و لەناویان بەرن.

ک.س