هێزەکانی ڕژێم حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد

هێزەکانی ڕژێمی سوریا کە ئێران و روسیا پشتیوانی لێدەکەن، دوای ئەوەی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕایانکرد، چەندین ناوچەی ڕۆژئاوای حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد و دواتر ڕوویان لە ناوچەی ئانەدان کرد، کە ناوەندێکی ئیخوانەکانە.


بە پێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستمان، هێزەکانی ڕژێمی سوریا کە روسیا بە رێگای ئاسمانی و ئێرانیش بە رێگای زەمینی پشتیوانی لێدەکەن، گوندەکانی کەفەر حەمرا، بیانون، هاریتان و حەیان، لە ڕۆژئاوای حەلەب، کۆنترۆڵکرد.

بەم شێوەیە ئەو ڕێگایەی، کە دەکەوێتە نێوان حەلەب و نوبول-زەهرا کەوتە دەستی هێزەکانی ڕژێم و دوای ساڵی ٢٠١٢ ئەمە یەکەمین جارە سەرتاسەری حەلەب بە تەواوەتی دەکەوێتە دەستی ڕژێم.

لەگەڵ کۆنترۆلکردنی گوندە ناوبراوەکان، هێزەکانی ڕژێم نزیک بوونەوە لە دەشتی ئانەدان کە وەکو قەڵای ئیخوان موسلمین لە سوریا ناودەبرێن.

بەپێی زانیارییەکان، چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی ئانەدان ڕادەکەن، دەوترێت گروپە چەتەکان بۆ ئەوەی نەکەونە گەمارۆی هێزەکانی ڕژێمی سوریا کە لە باکور و باشورەوە دەستیان بە ئۆپڕاسیۆنی سەربازیی کردبوو، ڕادەکەن.

د.ع