هێزەکانی ڕژێم گەیشتنە نزیک شاری ئەتارب

دوای پێکدادانێکی سەخت لەگەڵ چەتەکانی دەوڵەتی تورک، بە پشتیوانی ئاسمانی ڕوسیا و تۆپخانەکانی سوپا، هێزەکانی ڕژێمی سوریا گەیشتنە سێ کیلۆمەتر دووری شاری ئەتارب.


پێشڕەوییەکانی سوپای ڕژێمی سوریا بە پشتیوانی ئاسمانی سوپای ڕوسیا لە ئیدلب بەردەوامە و بە گوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوای پێکدادانێکی سەخت لەگەڵ چەتەکانی دەوڵەتی تورک و کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەک گەیشتوونەتە نزیک شاری ئەتارب.

بە گوێرەی ڕوانگەکە، هێزەکانی ڕژێمی سوریا بە پشتیوانی ئاسمانی ڕوسیا، تۆبخانەی سوپا و مووشەکەکانی ڕوسیا، ئوروم سوغرا، موهەندسین، ناوچەی دەوار سەومعە و لیوای ٤٦ـیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە و گەیشتوونەتە سێ کیلۆمەتری شاری ئەتارب.

لە شەوی ڕابردوو تا ئێستا، هێزەکانی ڕژێم لە زەمین و ئاسمانەوە سەدان هێرشیان بۆسەر شاری تەرائب ئەنجامداوە و بە نیازن ئەو شارە لەژێر چنگی چەتەکان دەربێنن.

بەو پێیە هێزەکانی ڕژێم لە ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئێستا توانیویانە ٧٤ ناوچە، گوند و مەزرا لە باشوری حەلەب و چەند شوێنێکی دیکە کۆنترۆڵ بکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتی تورک بڵاویان کردووەتەوە کە ٦٣ سەربازی ڕژێمی سوریا لەناو ئیدلب کوژراون، بەڵام ڕژێمی سوریا ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

س.ح