هەدەپە پیرۆزبایى لە نادیە موراد و دەنیس مۆکویگی کرد

هاوسەرۆکانى هەدەپە، پەروین بوڵدان و سەزاى تەمەللى، پیرۆزباى وەرگرتنى خەڵاتى نۆبڵى ئاشتییان کرد، لە هەریەک لە نادیە موراد و دەنیس مۆکویگی،



لە پیرۆزباییەکەى هاوسەرۆکانى پارتى دیموکراتى گەلان- هەدەپە-دا هاتووە، کە بەگەرمى پیرۆزبایى لە هەردوو براوەى خەڵاتى ئاشتى نۆبڵ دەکەن، پێیان وایە لەپاى چالاکییەکانیان دژى دەستدرێژى سێکسى لەکاتى جەنگدا ئەو خەڵاتەیان پیبەخشراوە.

هەر لە پەیامى پیرۆزباییەکەى هاوسەرۆکانى هەدەپە-دا ئاماژە بەوەکراوە، کە دکتۆر دەنیس مۆکویگی، لەساڵى ١٩٩٦-وە بە هەزاران ژنى چارەسەرکردووە، کە بەهۆى شەڕەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر.هەوەها دەڵێن: نادیە موراد، دەنگى ژنانى ئێزدى، گەیاندە جیهان، بۆ ڕاستییەکان بووە ڕووناکى، بووە دەنگى ژنانى تێکۆشەرى ئێزدى، بووە ویژدانى مرۆڤایەتى لە دژى وەحشیگەرى داعش.

هاوسەرۆکانى هەدەپە، ئاماژە بە گرنگى چالاکییەکانى نادیە موراد و دەنیس مۆکویگی، دەکەن و دەڵێن:هەبوونى کەسایەتى وەک نادییە موراد و دەنیس مۆکویگی، بەڵگەى ئەوەیە کە تێکۆشینى ئازادى ژن ون نابێت، هەتاوەکو کەسانى وەک ئەوان هەبن، خەبات بۆ ئازادى ژن بکەن و دژى وەحشییەت و توندو تیژى بووەستنەوە هیچ کەس خۆى لە بەرامبەر تێکۆشانى ئازادى ژن-دا ناگرێت.

لە کۆتایى پەیامى پیرۆزباییەدا، هاوسەرۆکانى هەدەپە، دەڵێن: بەم بۆنەیەوە پێمان باشە کە ئاماژە بەوەبکەین، هاتاوکو ئێستا بە هەزاران ژنى ئێزدى لەدەستى چەتەکانى داعشدان، هەتاوەکو هەموو ئەو ژنانە ئازاد دەبن تێکۆشان بەردەوام دەکەین، وەک هەدەپە بەڵێن دەدەین بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژى دژى ژنان و دەستدرێژى بۆ سەر ژنان و قڕکردنى ژنان، هەروەها بۆ دروستکردنى جیهانێکى بێ توندوتیژى و شەڕ تێکۆشانى خۆمان بەردەوام دەکەین.

د.ع