هەشت سەرباز لە شەمزینان و چەلێ کوژران

گەریلاکانی هەپەگە لە چەلێ و شەمزینانی سەربە جولەمێرگ چەند چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورک ئەنجامدا، لەو چالاکییانەدا هەشت سەربازی سوپای تورک کوژران.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی گەریلاکان لە جولەمێرگ بڵاوکردەوە و ئەنجامەکانی ئەو چالاکییانەی خستەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: سوپای تورک ماوەیەک بوو لە دەوروبەری شەمزینان سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگا بوون، گەریلاکانمان پێشتر لەو بارەیەوە چەند جار هۆشداریان دابووە کەسێک بەناوی بەدەل دەمیر، بەڵام ئەو کەسە گوێی لێ خەواندبوو، گەریلاکانمان ڕۆژی ٨ی ئاب ئۆتۆمبێلی ئەو کەسەیان لەناو گوندی ماوایای سەربە شەمزینان سووتاند، ڕۆژی ٩ی ئاب کاتژمێر ٠٩:١٥ خولەکی بەیانی لەدژی بارەگای سەربازیی ڕوبارۆکی سەربە شەمزینان چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا سەربازێک کوژرا و سێیان دیکەش برینداربوون.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: هەر هەمان ڕۆژ کاتژمێر ١١:٠٠ گەریلاکانمان لەسەر گردی کۆردینەی سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا حەوت سەرباز کوژران.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هەپەگە ڕایگەیاندووە: دوێنێ لە دەوروبەری گەڤەری جولەمێرگ لەنێوان یەکینەیەکی گەریلاکانمان و هێزەکانی سوپای تورک شەڕ ڕوویدا، لەو شەڕەدا دوو لە هەڤاڵانمان، هەڤاڵ ڕەشید و هەڤاڵ ڕزگار شەهیدبوون.

لە کۆتاییدا هەپەگە ڕایگەیاندووە: ٧ی ئاب کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانی لە دەوروبەری پاییزاوای سەربە وان چالاکییەک لە دژی زرێپۆشێکی سوپای تورک ئەنجامدرا، پاش ئەو چالاکییە شەڕ لەنێوان گەریلاکانمان و هێزەکانی سوپای تورک ڕوویدا، لەو شەڕەشدا دوو لە گەریلاکانمان بەناوی هەڤاڵ جەمیل و هەڤاڵ چیاگەر شەهیدبوون.

ک.ک