هەولێر، ئاسایش ڕێگای بە خۆپیشاندان نەدا بۆ ئەندامێکی هەدەپە.. نوێکراوەتەوە

ئاسایشی هەولێر ڕێگریی لە خۆپیشاندانێکی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان هەدەپە کرد، کە دژی بێسەرشوێنکردنی ئەندامێکیان لە هەولێر ڕێکیانخستبوو.


بڕیاربوو کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، نوێنەرایەتیی هەدەپە لە شاری هەولێر، دژی بێسەروشوێنکردنی ئەندامێکیان، گردبوونەوەیەک لەبەردەم بنکەی ئاسایشی ڕاپەڕین لە شاری هەولێر ئەنجامبدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگریی لە ئەنجامدانی گردبوونەوەکە کرا، لەبەرامبەریشدا ئەندامانی هەدەپە تاوەکو بارەگای نوێنەرایەتیی هەدەپە ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

دوای گەیشتنیان بە بارەگای نێونەرایەتیی هەدەپە، موزەیەن گونەش، ئەندامی نوێنەرایەتیی هەدەپە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیی پێشکەشکرد و تیایدا جەختیکردەوە، کە ئەگەر کۆچاکل لەدەستی ئاسایشدایە، دەبێت ئاسایشی هەولێر دانیپێدابنێن و هۆکاری بێسەروشوێنکردنیشی ئاشکرابکەن، ئەگەریش لەدەستی ئەواندا نەبێت، ئەوە ئەرکی ئاسایشە کە لێکۆڵینەوە لە بێسەروشوێنبوونی هاوڵاتییەک بکات، کە ماوەی هەشت ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە.

هەر لەوبارەیەشەوە، عابد ئیکە، نوێنەری هەدەپە لە شاری هەولێر، بۆ ڕۆژنیوز وتی: خواستمان گردبوونەوەیەک لەبەرەدەم بنکەی ئاسایشی ڕاپەرین ئەنجامبدەین، چونکە ماوەی ١٠ ڕۆژ ئەندامێکمان دوای بانگکردنی لەلایەن ئەو بنکەیەوە تائێستا بێسەروشوێنە.

بیانووی ئاسایش هەولێر بۆ ڕێگریکردن لە گردبوونەوەکەی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر، نەبوونی مۆڵەت و دەوامی فەرمیی بووە و بڵاوەیان بە گردبوونەوەکە کردووە.

نوێنەری هەدەپە لە هەولێر جەختیشیکردەوە، کە لەداهاتوودا چالاکییەکانیان دێژەی دەبێت، تا ئەوکاتەی ئەندامەکەیان ئازاد دەکرێت.

جێگای ئاماژەپێکردنە، ماوەی ١٠ ڕۆژی ئەندامێکی هەدەپە لە شاری هەولێر بەناوی محەمەد وەفا کۆچاکل، دوای بانگکردنی لەلایەن بنکەی ئاسایشی ڕاپەڕینی شاری هەولێرەوە، تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەکی لەبارەوە نییە.

کۆچاکلی خەڵکی شاری بەدلیس-ی باکوری کوردستانە، ساڵی ٢٠١٠ لەبەر فشاری دەوڵەتی تورک و ئەو دۆسیەیانەی کە لەبارەیەوە دادگا کراوەتەوە، ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کۆچاکلی خاوەنی سێ منداڵە و بەناچاری خانەوادەکەی لە بەدلیس بەجێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێبوو.

پێشتریش بەرپرسانی هەدەپە لە هەولێڕ ڕایانگەیاندووە، کە بۆ وەرگرتنی زانیاریی دەبارەی چارەنووسی کۆچاکلی، سەردانی بەرپرسانی باڵای پارتی و هەروەها بەرپرسانی ئاسایشیان کردووە، بەڵام هیچ کامیان وەڵامیان نەداوەتەوە.

پێشتر وتبوویان، کە ئەگەر بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی پرسیارەکانیان نەدرێنەوە و زانیاریی ڕێک لەبارەی کۆچاکلییەوە بڵاونەکرێتەوە، ئەوا ناڕەزاییەکانیان دەگۆڕن و خۆپیشاندان دەکەن.

ب.ل