هەپەگە: زیاتر لە ١٢ سەرباز و میتی تورك كوژران و برینداربوون

هەپەگە ڕایگەیاند: لە سنوری پارێزگاكانی جۆلەمێرگ و ئامەدی باكوری كوردستان گەریلاكان زنجیرە چالاكییەكییان لە دژی سوپای توركیای داگیركەر ئەنجامداوە و لە ئاكامیدا نۆ سەرباز و ئەندامێكی میتی تورك كوژراون و تەرمی دوو سەربازیش كەوتۆتە دەستی گەریلاكان.


ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئەم زانیارییانەی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا كردوە:

ئێوارەی دوێنێ گەریلاكان لە گردی شەهید ئافاتی سەر بە ناوچەی گەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگی باكوری كوردستان یەكینەیەكی سوپای توركیایان كردۆتە ئامانج و گورزی زۆر قورسیان لێداوە و لە ئاكامیدا، حەوت سەرباز كوژراون كە تەرمی دوو سەربازیان كەوتۆتە دەستی گەریلاكان، هاوكات چوار مۆڵگەی سەربازیش خاپوور كراون، دوابەدوای چالاكییەكەی گەریلاكان ژمارەیەك هەلیكۆپتەری جەنگی ڕوویان كردۆتە مەیدانی شەڕەكە و ئەوانیش كراونەتە ئامانج و ناچار بە پاشەكشێ كراون.

هەمان ڕۆژ لە ناوچەی چەلێی سەر بە جۆلەمێرگ، كاروانێكی سەربازی سوپای توركیا كە بەرەو سەربازگەكانی ئەو ناوچەیە دەڕۆشت، لەلایەن گەریلاكانەوە كراوەتە ئامانج و لەوێش وێڕای كوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی سێ‌ سەربازی دیكە زریپۆشێكش بە تەواوی لەناوبراوە، شەوی ڕابردووش، لە گردی كۆردینەی هەمان ناوچە دەستەیەك لە گەریلاكان لە سوپای توركیان داوەتەوە و زیانی زۆریان لە دوژمن داوە، بەڵام ژمارەی كوژراو برینداران تا ئێستا نەزانراوە.

لە ڕێككەوتی 23ی مانگی ڕابردووش، لە ئامەد ئۆتۆمبیلێكی ئەندامانی دەستگای سیخوڕی و هەواڵگری میتی تورك لەلایەن گەریلاكانەوە كراوەتە ئامانج و ئەوەندەی ڕوونبووەتەوە ئەندامێكی میت  كوژراوە و سێ‌ دیكەش برینداربوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگە لە سەرجەم ئەو چالاكییانەدا گەریلاكان بێ ئەوەی هیچ زیانێكیان پێ بگات گەڕاونەتەوە شوێن و بارەگاكانی خۆیان.

لە بارەی هێرشە ئاسمانییەكانی دەوڵەتی توركیای داگیركەر بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا هەپەگە ڕایگەیاندووە: "١٤ی ئەم مانگە، لە هەرێمی زاپ بەهۆی بۆردوومانەوە گەریلایەك شەهید بووە، هەروەها لە١٠ی ئەم مانگەوە بە بەردەوامی گوند و ناوچەكانی هەرێمەكانی گارا، حەفتانین، زاپ، زێ و خواكوڕك بە چڕی بۆردوومان كراون و بەو هۆیەوە زیانێكی زۆر بەر ڕەز و باخی گوندنشینان كەوتووە.

د.ح