هەڵوێستی ئەوروپا لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئیستەنبوڵ

دەوڵەتانی پێشەنگی یەکێتی ئەوروپا ڕەخنەی توند لە بڕیاری لەناکاوی دووبارەکردنی هەڵبژاردن دەگرن لە ئەستەنبوڵ، کە تێیدا ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردنەکەی بردەوە، بەڵام ئەردۆغان قەبوڵی نەکرد.


شەوی ڕابردوو دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دامەزراوەکە، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامەکانى پێشووى هەڵبژاردنى شارەوانى ئیستەنبوڵ و دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنی دەرکرد، ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

وتەبێژێکی یەکێتی ئەوروپا داوای لە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کردوە، کە بە زووترین کات هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕوون بکاتەوە.

هەروەها هیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایگەیاندووە: کە ئەوان لەو بڕیارە تێناگەن، کە بۆ دووبارەکردنی هەڵبژاردن لە ئیستەنبوڵ دراوە.

حکومەتی فەرەنساش ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرتووە و باسی لەوە کردوە، کە "تورکیا بەرەو دیکتاتۆریی دەبردرێت".

حکومەتی فەرەنسا داواشی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردوە، کە "ڕێز لە بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی سیاسیی و دادپەروەریی و شەفافییەت بگرن".

سەرۆکی گروپی لیبڕاڵەکانی بەلجیکاش لە پەرلەمانی ئەوروپا باسی لەوە کردوە، کە ئەو بڕیارە گفتوگۆکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە شتێکی مەحاڵ.
 
ڕۆژی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا بەڕێوەچوو، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆسیۆن لە ئیستەنبوڵ سەرکەوت، بەڵام ئەردۆغان ئەنجامەکانی ڕەتکردەوە و شکستی قەبوڵ نەکرد، هەربۆیە بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەپاند بەسەر دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.


ک.ک