وتەبێژی سوپای ئەمریکا: ناهێڵین گەرووی هورمز دابخرێت

بیل ئێربەن، وتەبێژی سوپای ئەمریکا لە وەڵامی هەڕەشەی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هۆرمز ڕایگەیاند، کە ناهێڵن گەرووی هورمز دابخرێت.


ئەمڕۆ وتەبێژی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئاسۆیشیتدپرێس وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمزی دایەوە.

بیل ئێربەن ڕایگەیاند: ئامادەین لە هەر شوێنێکی جیهان کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەمان بداتێ، هەموو کارێک بکەین بۆ گەرەنتیکردنی ئازادیی دەریاگەریی و بازرگانیی ئازاد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا ڕایگەیاندبوو: ئەمریکا کە باس لەوە دەکات هەناردەی نەوتی ئێران دەگەیەنێتە سفر، بیری لە دەرهاویشتەکانی نەکردووەتەوە.

ڕۆژێک دواتر، ئیسماعیل کەوسەری، یەکێک لە فەرماندە پلەبەرزەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، کە ئەگەر ئەمریکا هەوڵی لەو جۆرە بدات، گەرووی هورمز دادەخەین.

گەرووی هۆرمز، کەناڵی نێوان کەنداوی عەرەبی و دەریای عەمانە، کە زیاتر لە ٢٠٪ی نەوتی جیهانی پێدا هەناردە دەکرێت.


ک.ک