وردەکاریی ناوچە نەوتییەکەی ئێران ڕاگەیەندرا

وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاند: ئەو ناوچە نەوتییە تازەیەی لە پارێزگای خوزستان لە وڵاتەکەی دۆزراوەتەوە، دووەم گەورەترین مەیدانی نەوتی ئێرانە و بە ڕێژەی ٥٣ ملیار بەرمیل نەوت لە خۆ دەگرێت.


دوای ئەوەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە سەردانێکی خۆیدا بۆ پارێزگای یەزد ڕایگەیاند کە ناوچەیەکی گەورەی نەوتییان دۆزیوەتەوە، بیژەن نامدار زەنگنە، وەزیری نەوتی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وردەکاری زیاتری لەسەر ئەو ناوچەیە خستەڕوو.

بە وتەی زەنگنە؛ ئەم ناوچە نەوتییە چوار ساڵ لەمەوبەر و بە لێدانی سێ بیر دۆزراوەتەوە، کە ڕێژەی توێژی دەستپێکی ٣١.٣ ملیار بەرمیل و توێژە تازەکەشی ٢٢ ملیار بەرمیل لەخۆ دەگرێت.  

زەنگنە ئاشکرایکردووە کە؛ "پانتایی ئەم ناوچە نەوتییە (لە پارێزگای خوزستان و لە ناوچەی "دارخوێن")، ٢ هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و لە قووڵایی سێ هەزار و ١٠٠ مەتری ژێر زەوی جێی گرتووە و بە ڕێژەی ٥٣ ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە کە ئەگەری بەرفراوانکردنی مەیدانەکە بەرەو باشوری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش هەیە".

جێگای ئاماژەیە کە لە ئێستادا وڵاتی ئێران بە ١٥٥ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەناو ١٤ وڵاتی ئۆپیک، دوای ڤەنزوێلا بە ٣٠٢ ملیار بەرمیل و سعودیە بە ٢٦٧ ملیار بەرمیلەوە لە پلەی سێیەم دایە، بەڵام لە ئاستی جیهاندا دوای وڵاتی کەنەدا بە ١٧٠ ملیار بەرمیل لە پلەی چوارەم دایە، بە دۆزینەوەی ئەم ناوچە تازەیە ڕێژەی سامانی نەوتی ئێران دەگاتە ٢٠٨ ملیار بەرمیل و دەگاتە پلەی سێیەمی جیهان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گەمارۆ خستنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بە تایبەت لە بازنەی پیشەسازی نەوت-دا، لە ئێستادا ئێران ناتوانێت ئازادانە نەوتەکەی بفرۆشێت و لە کاتێکدا ڕۆژانە توانای دەرهێنانی زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، لە بازارە نافەرمییە نەوتییەکاندا تەنیا دەتوانێت کەمتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خۆی لە ڕۆژێکدا بفرۆشێت.

ک.س