وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ جارێکی دیکە بۆ ئۆجالان هاتنەدەنگ

وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵی جیهانیی، لە نامەیەکدا بۆ کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجە 'سی پی تی'، داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و هەڵگرتنی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان، بە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی لە تورکیا لەقەڵەم دەدەن.


ئادۆلفۆ پیرێز ئەسکیوڤێل، وەرگری خەڵاتی ئاشتیی، بەمەبەستی داواکردنی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، بەناوی وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵەوە، نامەیەکی بۆ ریجس بریلات، سکرتێری گشتیی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجە 'سی پی تی' و مایکل نیوراوتەر، بەرپرسی دۆسیەی تورکیا لە سی پی تی نارد.

لە نامەکەی نوێنەری وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ-دا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەگەر لە دژی گوشارەکانی دەوڵەتان بۆ مافی ژێردەستەکان نەکەونە خۆ، ئەوا ئەو کاتە هیچ بیانووییەک بۆ بوونی ڕێکخراوە ئەوروپییەکان نامێنێت.

نوێنەری وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ لە نامەکەدا بەناوی وەرگرانی ئەو خەڵاتە جیهانییەوە جەختیکردووەتەوە، کە پێویستە 'سی پی تی' لە پرسی گۆشەگیرییدا زۆر بە خێرایی هەڵسوکەوت بکات، داواشیان لە ڕێکخراوی بەرگرتن لە ئەشکەنجە کردووە، کە سەردانی دوورگەی ئیمرالیی بکات و پێیان وایە: سەردانی سی پی تی کۆتایی بەو دۆخە نایاساییە دەهێنێت.

هەر لە نامەکەدا، ئاماژەش بە مانگرتن و چالاکییەکان دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان کراوە، کە زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە و هاتووە: لە سۆنگەی ئەو هەڵوێستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی مانگەکانی ئەمدواییە، دەبێت 'سی پی تی' دەست بە جموجوڵ بکات، چونکە دەتوانێت کاریگەریی ئەو سیستمە نەهێڵێت، کە مافە بنەڕەتییەکانی کورد و هەموو کۆمەڵگا نادیدە دەگرێت.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەی وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵدا بۆ 'سی پی تی'، باس لە چاوپێکەوتنی ڕۆژی هەینی پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان کراوە، کە دوای نزیکەی هەشت ساڵ بۆ یەکەمجار ئەنجامیاندا و هاتووە: چاوپێکەوتنەکە لە سایەی بەرخۆدانی مانگرتنی لەیلا گیوڤەن و هەزاران زیندانی و بە پشتگیریی بەهێزی ڕایگشتیی بۆ ئەو بەرخۆدانە هاتووەتە ئەنجام.

وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ ڕووی دەمیان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانیی دەکەن و دەڵێن: لە ئەوروپا و ئەمریکا و شوێنەکانی دیکەی جیهان، ئەو ڕێکخراوانەی کە دەبێت مافی مرۆڤ بپارێزن، ئەگەر بە جددی هەوڵ بۆ دابینکردنی مافی ئەوانە نەدەن، کە لەژێر توندوتیژی دەوڵەت-دا ئازار دەکێشن، هۆکاری بوون و مانەوەیان لەدەست دەدەن.

لە کۆتایی نامەکەی وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ-دا، ئاماژەش بە گرنگیی شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی لە تورکیادا کراوە و هاتووە: کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گۆشەگیریی، دەبێتە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا، کە ڕێز لە مافەکانی خەڵک و گەلان بگرێت.

جگە لەو نامەیەش، ڕاپۆرتی ئەندامانی کۆمیتەی ئاشتی نێودەوڵەتییش لەسەر دۆخی کوردستان و داواکارییەکان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری بۆ 'سی پی تی' نێردراوە.
 
ئادۆلفۆ پیرێز ئەسکیوڤێل، کە بەناوی وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵەوە نامەکەی بۆ کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجە 'سی پی تی' ناردووە، خۆشی زیندانییەکی سیاسیی پێشووترە، لە نامەیەکی خۆیدا کە پێشتر بۆ ئۆجالانی ناردووە و بەمدواییانە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: نەک تەنیا گۆشەگیری لە ماوەی درێژی زینداندا، بەڵکو سیاسەتی گۆشەگیریی ئارەزوومەندانە، ڕێگاخۆشکەرە بۆ بێ یاساییەکی جددیی.

ئەمە جاری سێیەمە، وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ لەسەر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دێنە دەنگ، پێشتریش لە مانگەکانی کانوونی دووەم و نیسان-ی ئەمساڵدا،  وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی پەیام و یاداشتەوە، داوای کۆتایهێنانی گۆشەگیرییان کردبوو.


ک.ک