وەزارەتی تەندروستی ئێران: ڤایرۆسەکە لە چینەوە هاتووە

کاربەدەستێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران, ڕایگەیاند: هەندێک سەرەداومان دەستکەوتووە کە ئاشکرایدەکات ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینەوە گوازراوەتەوە بۆناو ئێران.


لە کاتێکدا کاربەدەستانی باڵای ئێران، ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان و بە هێرشێکی بایۆلۆژی ناوی دەبەن، ئەمڕۆ عەلیڕەزا ڕەئیسی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند کە ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی چینەوە گوازراوەتەوە بۆناو ئێران.

ڕەئیسی ڕایگەیاند: بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان، ئەم نەخۆشییە لە شاری قوم بە دڵنیاییەوە پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ چینییەکان کە دانیشتووی ئەم شارەن، ژمارەیەک کرێکاری چینی و هەروەها چەند خوێندکارێک (خوێنکاری ئاینیی)، سەرەتاکانی مانگی دووی ئەمساڵ هاتوچۆیان بۆ چین هەبووە.

ڕەئیسی ئاشکراشیکردووە: ئێستا گومانمان هەیە کە سەرچاوەی نەخۆشییەکە دوو شوێن بووە، هەم لە قوم و هەم لە گیلان (شیمالی ئێران)، لەسەر گیلان هێشتا زانیارییەکانمان تەواو نیین، بەڵام هەندێک سەرەداومان دەستکەوتووە کە ژمارەیەک خوێندکاری دانیشتووی ووهان پێش کەرەنتینەکردنی ئەو شارە، گەڕاونەتەوە بۆ گیلان.

جێگای ئاماژەیە، کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی، هێڵێکی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران (بەناوی ماهان) تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بە گەشتەکانی بۆ چین و گواستنەوەی چینییەکان ئەم ڤایرۆسەی هێناوەتەوە ناو ئێران، ئەمە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی باڵای ئێران لەوانە عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئەمریکایان تۆمەتبارکردووە بە هێرشی بایۆلۆژی بۆسەر ئێران لە ڕێگەی ناردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ک.س