وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بارەی ئێرانەوە کۆدەبنەوە

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆ گفتۆکردن لە بارەی ئێران و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشینتۆن و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دانوستان کۆدەبنەوە.


بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە "بەرجام"و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ڕێگایەک بۆ دانوستان بکەن.

جرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ دانیشتنەکە، ئاماژەی بە یەکنەبوونی بۆچوونی لەگەڵ ئەمریکا کردووە لەسەر ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاندووە"هێشتا هەندێک کات بۆ پاراستنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێران ماوە، ئێران هێشتا ساڵێکی پێویستە بۆ گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بۆیە دەرچەیەکی بچوک بۆ زیندوو هێشتنەوەی ڕێککەوتنەکە ماوە، بەڵام ئەوەش خەریکە دادەخرێت".

بەر لەوەش وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا لەگەڵ بەریتانیا بە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش داوایان کرد، پەرەسەندنی گرژییەکان بوەستێندرێت و گفتۆگوکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە، هەروەها نیگەرانی خۆیان لەبەرامبەر پێشلکردنی بەڵێنەکانی ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕاگەیاندبوو و جەختیان لەوەکردبووەوە کە "لەکاتێکدا  پشتیوانی لەو ڕێککەوتنە دەکەن کە ئێران پابەند بێت بە بەڵێنەکانی".

دوێنێش محەمە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران،بەر لە ڕۆیشتنی بۆ ئەمریکا، ئاماژەی بە نەزۆک مانەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە کردووە و وتوویەتی: ئەوروپییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت "بەرجام" بپارێزن، بەڵام هێشتا نەمانبینیوە لەسەر پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە سەرمایەگوزارییەک بکەن.

ک.س