وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، پێویستە عوسمان کاڤالای بازرگان و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە تا ئێستا لە زینداندان ئازاد بکرێن.
ئانالینا بێربوک، لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا کە بارەگاکەی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە، رایگەیاند: پێویستە هەموو وڵاتانی ئەندام ڕێز لە پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ بگرن. لەسەر بنەمای ئەمەش پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکرد کە دەستگیرکردنی هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالەی بازرگان سیاسیە و وتیشی: من زۆر نیگەرانم لەوەی کە عوسمان کاڤالا ساڵانێکە چاوپۆشی لە داواکارییەکانی دەکات بۆ ئازادکردنی.
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری ئەڵمانیا داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و دەستگیرکراوەکانی دیکەی دووپاتکردەوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: داوای خۆمان بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا دووپات دەکەمەوە بۆ ئازادکردنی عوسمان کاڤالا، هەروەها ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و ئەو کەسانەی دیکە کە دادگا بڕیاریدا بە نایاسایی دەستبەسەرکراون.
دادگای گەورەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری خۆی سەبارەت بە “پرۆسەی پێشێلکاری” دا کە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە ١١ی تەمموزدا دژی تورکیا دەستیپێکرد.
دادگاکە بڕیاریدا کە تورکیا بە پێی بڕگەی یەکەمی مادەی ٤٦ی ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ نەکردووە، بڕیارنامەکە بە ١٦ دەنگی بەرامبەر بە ١ پەسەند کرا کە ئەو دەنگەش دادوەری تورکیا بو کە بە نەخێر دەنگیدا.
ها-ع