وەزیری دەرەوەی سوریا: تورکیا لە سوریا کێ دەپارێزێت؟

وەزیری دەرەوەی سوریا لەسەر بوونی تورکیا لەناو خاکی سوریادا، وتی: ئایا بوونی ئەوان بۆ پاراستنی بەرەی نوسرە، داعش و ڕێکخراوی تورکستانە؟!.


وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین لە پەکین-ی پایتەخت، وتی: ئیدلب پارێزگایەکی سوریایە، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان تێدا لەناو دەچن، پێویستە هەموو هێزە بیانییەکان کە بە شێوەی نایاسایی لەناو سوریان بڕوونە دەرەوە.

موعەلیم ئاماژەی بەوە دا: زۆرینەی ڕووبەری پارێزگای ئیدلب لەژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوی تیرۆریستی بەرەی نوسرە دایە، کە لە جیهانیش بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە، تورکیا لەسوریا چی دەکات؟ ئایا بوونی ئەوان بۆ پاراستنی ڕێکخراوی نوسرە، داعش، بزوتنەوەی تیرۆریستی تورکستانی ڕۆژهەڵاتە؟.

موعەلیم هەروەها ئاماژەی بە خاڵە چاودێرییەکانی تورکیا لەناو خاکی سوریا کردووە و وتوویەتی: ١٢ لەو خاڵانە لەناو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەرەی نوسرەدایە.

س.ح