٢٤ سه‌ربازی توركیا له‌ خواكورك و سه‌رحه‌د كوژران

گەریلاکانی هەپەگە له‌ ئامه‌د، خواكورك و سه‌رحه‌د گورزی توندیان له‌ سوپای تورک دا و له‌ خواكورك چوار سەرباز و له‌ سه‌رحه‌دیش لایه‌نی كه‌م ٢٠ سه‌رباز كوژراون.


ئەمڕۆ ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) ده‌رباره‌ی چالاكیی گه‌ریلاكان له‌ ئامه‌د، خواكورك و سه‌رحه‌د ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

دەقی ڕاگه‌یه‌نراوەکەی هه‌په‌گه‌:

هێزه‌كانمان له‌ دژی جموجوڵی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك كه‌ له‌ خواكورك ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ به‌رخۆدانێكی مێژوویی تێده‌كۆشن، سوپای توركی داگیركه‌ر له‌ خواكورك تا سه‌رحه‌د گورزی تووند ده‌خوات، به‌ڵام زانیارییه‌كان له‌ ڕای گشتیی ده‌شارێته‌وه‌، هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان كه‌ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی خۆیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ له‌ به‌رانبه‌ر گه‌ریلا شكست دێنن.

له‌ سێ قۆڵه‌وه‌ له‌ داگیركه‌رانی خواكورك درا، ٤ سه‌رباز كوژران

سوپای توركی داگیركه‌ر له‌ خواكورك ده‌ستی به‌ جموجوڵێكی داگیركاریی كردبوو، هێزه‌كانیشمان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تی شه‌هید باگه‌ڕ و شه‌هید ڕۆنیا كردبوو و نیوه‌ڕۆی ١١ی حوزه‌یران له‌ دۆڵی ئه‌رمووش یه‌كینه‌یه‌كی ئۆپه‌راسیۆنیان خسته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، هێزه‌كانمان كاتژمێر ١٥ له‌ سێ قۆڵه‌وه‌ له‌ هێزه‌كانی داگیركه‌ریان دا، له‌م چالاكییه‌دا ٤ سه‌رباز كوژران و سه‌ربازێكیش بریندار بوو، سوپای تورك دوای چالاكییه‌كه‌ به‌ كۆپته‌ری هێرشبه‌ر و ئۆبوس و هاوه‌ن هێرشی كردە‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌ ئێواره‌ش كوژراو و برینداره‌كانی هەڵگرتەوە، هێزه‌كانمان كه‌ ئه‌م چالاكییه‌یان ئەنجامدا، به‌سه‌لامه‌تی گه‌ڕاونه‌وە بنكه‌كانی خۆیان.

له‌سه‌ر ڕێگای ئیدر و بازید له‌ كاروانی سه‌ربازی درا؛ ٢٠ سه‌رباز كوژران

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشگێڕیی كه‌ له‌ هه‌رێمی سه‌رحه‌د به‌رده‌وامه‌، هێزه‌كانمان له‌سه‌ر ڕێگا‌ی بازید و ئیدر یه‌كینه‌یه‌كی دووژمنیان خستە‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌ و كاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی ڕۆژی ١١ی حوزه‌یران له‌ پانزێرێك و كامیۆنێكیان دا، كه ٣٠ سه‌رباز له‌ كامیۆنه‌كه‌دا‌ هه‌بوون، كامیۆنه‌كه‌ له‌ناوبرا و گورزیش به‌ر پانزێره‌كه‌ كه‌وت، له‌م چالاكییه‌دا ٢٠ سه‌ربازی دووژمن كوژران و ١٥ سه‌ربازیش بریندار بوون.

سوپای توركی داگیركه‌ر دوای چالاكییه‌كه‌ به‌ ئۆبوس و هاوه‌ن هێرشی كردە‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و به‌ چه‌ندین ئامبوڵانس سه‌ربازه‌ كوژراو و برینداره‌كانی گواستەوە، هێزه‌كانی ئێمه‌؛ هه‌په‌گه‌، یه‌كینه‌كانی ژنی ئازادی ستار (یه‌ژا ستار) و هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕیی یه‌كگرتووی گه‌لان (HBDH) ئه‌م چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا‌ و دواتر به‌سه‌لامه‌تی گه‌ڕانەوە‌ بنكه‌كانی خۆیان.

دانانی خاڵی پشكنین لە ڕێگای  ئامه‌د

ڕۆژی ٩ی حوزه‌یران كاتژمێر ٠٧:٢٠ خولەک هێزه‌كانمان له‌ یه‌كینه‌یه‌كی سوپای توركی داگیركه‌ریان دا،‌ كه‌ ئاسایشی به‌نداوی فارقینی له‌ ئه‌ستۆ بوو. له‌م چالاكییه‌دا هێزه‌كانمان قوله‌ی سه‌ربازانیان كردووه‌ته‌ ئامانج. ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كانی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌.

١٠ی حوزه‌یران كاتژمێر ٠٧:٠٠ تا شه‌و، هێزه‌كانمان له‌نێوان ناوچه‌ی پاسووری ئامه‌د و شاری مووش خاڵی پشكنینیان دانا، له‌م چالاكییه‌دا هێزه‌كانمان ئۆتۆمبێلی ڕێبوارانیان ڕاگرت و ده‌رباره‌ی قۆناغی نوێ زانیارییان به‌ گه‌ل دا.

هێرشی ئاسمانیی

١٢ی نیسان كاتژمێر ٧:٠٠ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر ناوچه‌ی خنێره‌-ی خواكورك-ی سه‌ر به‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیایان بۆردومان كرد، له‌و بۆردوومانه‌دا هیچ زیانێك به‌ هێزه‌كانمان نەگەیشت.

 

ش.ف