٣٣٢ هەفتەیە چالاکیی ئێشکگریی "ئازادیی بۆ ئۆجالان" بەردەوامە

٣٣٢ هەفتەیە چالاکیی ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لەبەردەم باڵەخانەی یەکێتیی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەردەوامە، ئەم هەفتەیە لە شاری مۆنتپیلیەی فەرەنساوە چوار کەس بەشداریی چالاکییەكە دەبن.


چالاکی ئێشکگری بۆ ئازادیی عەبدولا ئوجاڵان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە شاری ستراسبورگ-ی فەرەنسا ماوەی ٣٣٢ هەفتەیە بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت.

ئەم هەفتەیە دەستەیەكی چوار کەسی لە شاری مۆنتپیلیەی فەرەنساوە بەناوەکانی سەعید ئاکگوون، گول دوغان، نەسێمە گەڤەر و سارا گەڤەر لە چالاکیی ئێشکگریی ئازادی ئوجاڵاندا بەشداریی دەکەن.

هەفتەی پێشووش ئەندامانی کۆمیتەی جڤاكی تەڤگەری ژنانی کورد-ئەوروپا بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردبوو.

لە شوێنی چالاکییەکە، لەسەر ناوی دەستەی شاری مۆنتپیلیە لێدوانێک خوێندرایەوە و تێیدا داوای ئازادی بۆ ئۆجالان کرا، بانگەوازیش ئاراستەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە-سی پی تی کرا، کە لەبارەی دۆخی ئۆجالانەوە بێدەنگ نەبن، دووپاتیشیان كردەوە، کە تاکەڕێگای چارەسەریی کێشەکان، ئازادیی ڕێبەر ئۆجالانە.

لە کۆتایی لێدوانەکەدا داوا لە گەلی کورد و هەموو هێزە ئازادیخوازەکان کرا، کە بۆ خاوەنداریکردن لە ئۆجالان بڕژێنە سەر شەقامەکان.

ب.ل