٣٣ هەزار هاوڵاتی نەرویج داوای لابردنی سزای ڕامین دەکەن

لقی نەرویج-ی ئامنستی ئینتەرناشناڵ نامەیەکی ئاڕاستەی حکومەتی ئێران کرد، کە ٣٣ هەزار هاوڵاتی نەرویجی واژۆیان کردووە و تێیدا داوای لابردنی سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی دەکەن.


دوێنێ، نامەیەک لەلایەن ئامنستی ئینتەرناشناڵی نەرویجەوە نێردرا بۆ حکومەتی ئێران، کە بریتی بوو لە واژۆی ٣٣ هەزار و ٣٥٦ هاوڵاتی نەرویجی بۆ وەستاندنی سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی.

کەمپەینی ئامنستی ئینتەرناشناڵی نەرویج بۆ کۆکردنەوەی واژۆ لەدژی لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی بەردەوامە و تا شەوی ڕابردوو گەیشتبووە ٣٤ هەزار واژۆ.

هەر دوێنێ زیاتر لە دوو هەزار چالاکوانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ نامەیەکیان واژۆکرد و تێیدا داوای لابردنی سزای ڕامین حسێن پەناهییان کرد.

دادگای شۆڕشی ئێران تۆمەتی "بەغی"، واتە شەڕ لەگەڵ بنەماکانی حکومەتی ئیسلامیی بەسەر ڕامین حسێن پەناهیدا ساغ کردووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە، کە حسێن ئەحمەدی نیاز، چەندین جار لە بەرامبەر دادوەر ئەو تۆمەتەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە بریگرتەکەی هەرگیز چەکی هەڵنەگرتووە.

جێگای ئاماژەیە، کە سەرەتای مانگی ئایار بەرپرسانی زیندانی سنە بە خانەوادەی ڕامین حسێن پەناهییان ڕاگەیاند، کە بەم زووانە ڕامین لە سێدارەدەدرێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک سەرچاوەی نافەرمی باسیان لە لەسێدارەدانی لەپاش جەژنی ڕەمەزان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ێش چەند ڕۆژ، حسێن ئەحمەی نیاز، پارێزەری ڕامین ڕایگەیاند، کە دیوانی باڵای وڵات دواین داواکاریی بۆ پێداچوونەوە بەسەر کەیسەکەی ڕەتکردووەتەوە.

 

لێرە واژۆکان ببینە

 

ش.ف