٣٤ حزب و ڕیکخراوى کوردى داواى یەکگرتنى کورد دەکەن

کۆمیتەى دبلۆماسى پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانى کوردستان، کە ژمارەیەکى زۆر لە پارت و ڕیکخراوەکانى کوردستان لە خۆ دەگرێت، لەکۆبوونەوەیەکدا ڕەوشى سیاسى چوار پارچەى کوردستان هەڵدەسەنگێنن و لەبەرامبەر مەترسییەکاندا داواى یەکگرتنى کورد دەکەن.


ڕۆژى ٩ى ئەم مانگە، بە بەشدار بوونى ٣٤ ڕێکخراو و پارتى سیاسى چوار پارچەى کوردستان، کۆمیتەى دبلۆماسى پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانى کوردستان، لەبارەگەى یەکێتى نەتەوەیى کوردستان-کەنەکە، لە برۆکسلى پایتەخى بەلجیکا، کۆبوونەوە، ئەمڕۆش بە ڕاگەیەندراوێک ئەنجامەکەیان بڵاوکردەوە.

بەپێى ڕاگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، بەشدار بووانى کۆبوونەوەکە ڕەوشى سیاسى چوار پارچەى کوردستان-یان هەڵسەنگاندووە و بە وردى تیشکیان خستووەتە سەر ئەو مەترسییانەى لە چوار پارچەى کوردستان ڕووبەڕووى گەلى کورد دەبێتەوە و تێیدا ئەنجامى کۆبوونەوەکە لە ١٦ خاڵدا خراونەتە ڕوو کە بریتین لە:

١- هێرشی دەوڵەتی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان-حدک و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران-حدکا، هێرشێکی دڕندانەیە و بە هەموو شێوەک ئیدانە ئەکرێت و قابیلی قبوڵ نییە، لە هەمانکاتدا لە سێدارەدانی سێ لاوی کورد ( لوقان مورادی، زانیار مورادی، رامین حسێن پەناهى)، درێژە و فراوانکردنی ئەو هێرشەیە و دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەلی کورد دووپات ئەکاتەوە. ڕۆژێک دوای سەردانی ئەردۆغان بۆ تاران ئەو هێرشە بەڕێوەچوو، حکومەتی عێراقیش لەو بارەیەوە بیدەنگە، ئەمانەش جارێکی دی ئەوە ئاشکرا دەکەن کە داگیرکەرانی کوردستان لە دژی گەلی کوردستان لە رێککەوتندان، ئێمە ئەو هێرشانە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەزانین، بە توندی رژێمی ئێران شەرمەزار دەکەین. هەروەها سەرەخۆشی لە هەردوو حیزب و بنەماڵەی شەهیدان و گەلی کوردستان دەکەین. هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

٢- بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی دیکە داوا لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوەو یەکێتییەکی بەهیز لەنێوان خۆیاندا پێکبهێنن، لە هەمانکاتدا داوا لە هەموو هیزە کوردستانیەکان دەکەین، پشتگیرى گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

٣- باشووری کوردستان بە دۆخێکى هەستیاردا تێپەڕدەبێت، بۆیە پێویستی بە ئەڵتەرناتیڤێک هەیە، پێویستی بە حکومەتێکی بوێر و پەرلەمانێکی خاوەن ئیرادە هەیە، کە سیستەمێکی دیموکراتی دابمەزرێنن.

٤- ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان لە ژێر هەڕەشەدان، لە زۆر شوێن هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان دەدرێت، خەڵک کۆچبەر و ئاوارە دەکرێت، حکومەتی عێراق ئاگادار دەکەینەوە کە دەست لە هەڵوێستی بە عەرەب کردن و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک و ناوچەکانی مادەی 140 هەڵبگرێت، چیتر لەو بارەیەوە پەیڕەوی سیاسەتی بەعسیەکان نەکات، پێویستە ئاوارەکان بگەڕینرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە.

٥- داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت، بوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە باشوور، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، دەبێت بە زووترین کات ئەو هیزانە لە باشوورى کوردستان دەربکرێن.

٦- داوادەکەین هەموو هێزە کوردستانییەکان و گەلی کوردستان لەسەنگەری گەلی باکوری کوردستاندابن، پێویستە لە بواری دیپلۆماسییدا ئەو دەوڵەتە بەردەوام لەقاو بدرێت، لە ئێستدا ئەو دەرفەت و توانایە هەیە، سەرکەوتنی باکور دەبێت بە هۆکار بۆ سەرکەوتنی هەموو کوردستان.

٧- ماوەى سێ ساڵ و نیوە سەردان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ، قەدەغە کراوە، دوو ساڵیشە هیچ هەواڵیکی نازانرێت و لەژێر گۆشەگیرکردنێکی توندایە، ئێمە پشتیوانیی لە کەمپینی ئازادکردنی بەڕیز ئۆجەلان دەکەین، هەمانکات سلاو بۆ چالاکوانانی دژی گۆشەگریکردن دەنێرین.

٨- داگیرکاریی و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین، بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژاوای کوردستان لە سەنگەرداین، سڵاو بۆ هەموو هێزەکانی پاراستی رۆژاوا، بەتایبەت بەرخۆدەرانی عەفرین دەنێرین.

٩- هەوڵدانی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ گۆڕین و تێکدانی دیمۆگرافیای عەفرین بە توندی ئیدانە دەکەین. داوا لە هێزە پەیوەندیدارەکان دەکەین لەو بارەیەوە خاوەن هەڵوێست بن، هەروەها هاوکاری ئاوارەکانی عەفرین بن، بە تایبەت ئەو ئاوارانەى لە کەمپی شەهبا دەژین.

١٠- هێرشی دەوڵەتی تورکیا، لە رۆژاوای کوردستان لە ڕۆژەڤی سەرەکیی کارە دیپلۆماسیەکانی ئێمەدایە، هەرچەند بۆ ڕێگریی و وەستاندنی ئەو هێرشانە کاری گرنگ دەکرێن، لەو بارەیەوە پێویستە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ڕێبەرایەتی باکووری سوریا بکرێت، کاری جدی بکرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی بناسرێت.

١١- پێویستە ڕۆژئاواى کوردستان و هەموو باکووری سوریا بپارێزرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە دژی هێرشەکانی تورکیا و هەموو هێرشەکانی دیکە، جەترێکی پارستن بۆ ئەو هەرێمە دابین بکرێت، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا ببێتە هەرێمێکی ئارام ( دژە فڕین)، پێویست بە خەباتێکی فراوان و جدیی هەیە.

١٢- لەسەر کێشەی سوریا لە جنێڤ و ئاستانە چاوپێکەوتن لە نیوان ڕژێم و هێزە نەیارەکانیدا بەڕیوەدەچێت، بەلام تا ئێستا ڕێبەرایەتی باکوری سوریا و هیزە کوردیەکان بانگهێشت نەکراون، هەر هەوڵدانێکی لەو چەشنە بێ بە شداریکردنی کورد و پێکهاتەکانی باکووری سوریا بە ئەنجام ناگات و شکست دێنێت، کوردو پێکهاتەکانی باکوری سوریاش بە ڕەسمی ناناسن.

١٣- بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە فەرمییەیتی نێودەوڵەتیدا وەک جینۆساید بناسرێت، پشتگیریی کەیسی ئێزدییەکان دەکەین. هەروەها پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان دژی هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر شەنگاڵ ڕاوەستن و شەنگال بپارێزن، هەوڵبدرێت ئاوەدانکردنەوەی شەنگاڵ بکەوێتە بواری پراکتیکەوەو ئاوارەکان بگەڕێنەوە جێ و ماڵی خۆیان، پێویستە ناسنامەی شەنگال بپارێزرێت، دیمۆگرافیای شەنگال نەگۆڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە شەنگال خۆی خۆی بەڕێوەببات.

١٤- ئێمە جارێکی دیکە پشتگیریی خۆمان بۆ هەموو مافەکانی گەلی ئاسوری-سریانی-کلدانی دووپات دەکەینەوە. ئەوان خەڵکی کۆنی ئەو هەرێمەن، پێویستە مافە ئیتنیکی و کلتوری و سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان لەسەر ئەو خاکە دەستەبەر بکرێن و بپارێزرێن و ئاوارەکانیان بگەڕینەوە سەر خاکی خۆیان.

١٥- پێویستە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپە دیموکراسییەکان خۆیان ڕێکبخەن، ڕێز لەیەکتر بگرن و لە کاری دیپلۆماسیدا هێڵی سووری بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بپارێزن.

١٦- ئێمە وەک کۆمیتە بانگی هەموو پارت و ڕێکخستنە کوردستانییەکان دەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش ببن و بەیەکەوە کاری دیپلۆماسی بکەین.

ڕاگەیەندراوەکە ناوى ٣٤ پارت و ڕێکخراوى سیاسى هەر چوار پارچەى کوردستانى لەسەرە لە ناوەوەو دەرەوەى وڵات کە بریتین لە.

  1. كۆمسیۆنی كاری دەرەوەی - كنك
  2. یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان
  3. پارتی یەكێتی دیموكراتی ( پ ی د )
  4. بزووتنەوەی گۆڕان
  5. كۆنگرەی جڤاكێن دیموكراتیك – ك ج د ئەوروپا
  6. یەكێتی سوریانیانی ئەوروپا
  7. کۆمەڵە – رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
  8. حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
  9. تەڤگەری ژنانی كوردستان – ئەوروپا
  10. فیدراسیۆنی ئێزدیانی كوردستان
  11.  کۆدار
  12. پارتی یەكێتی سوریانی – رۆژاوا
  13. پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پژاك
  14. پارتی ئیسلامی كوردستان
  15. نوێنەرایەتی ( ھ د پ ) لە ئەوروپا
  16. پارتی دیموكراتی كوردی سوریا
  17. پارتی چەپی دیموکراتی کورد - سوریا
  18. پارتی چەپی کورد - سوریا
  19. پارتی دیموکراتی کورد – ئەلپارتی- سوریا
  20. پارتی دەموکراتی پێشڤەڕۆی كوردی سوریا
  21. پارتی رزگاری کوردستان
  22. پارتی سەوزی كوردستان ( رێكخراوی سەوزی ئەوروپی – كوردستانی )
  23. ئەنستیتۆی كورد لە برۆكسل
  24. رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان
  25. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
  26. تەڤگەری ئاوەدانکردنەوەی کوردستان - سوریا.
  27. ئەنجومەنی شەنگاڵ لە دەروەی وڵات.
  28. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان.
  29. پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردستان- الوحدە. (رۆژاڤا)
  30. حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
  31. پارتی سەوزی کوردستانی (رۆژاوا)
  32. پارتی سەربەخۆیی کوردستان
  33. هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادپەوەریی
  34. هەڤبەندی ئێزدییەکانی سوریا