٥ ملیۆن ژن لە هندستان دیوارێکى ناڕەزایەتییان دروستکرد

دوای ئەوەی دادگایەکی هندستان بڕیاری دا دەرگای پەرستگایەک بەڕووی ژناندا بکرێتەوە، لەهەفتەی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار دوای ٢٨ ساڵ دوو ژن چوونە ناو پەرستگاکەوە، ئەوەش ناڕەزایی بەشێک لە شوێنکەوتوانی ئایینی هندۆسی لێکەوتەوە و ژنانەش بە دروستکردنى دیوارێکى مرۆیی کە نزیکەى پێج ملیۆن ژن بەشدارییان تێداکرد وەڵامى ناڕەزایەتییەکانیان دایەوە.


ماوەی زیاد لە هەفتەیەکە بەهۆی چوونی چەند ژنێک بۆ ناو پەرستگایەک، قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و ئەمنی لە چەند هەرێمێکی هندستان دروستبووە، بەو هۆیشەوە پێکدانان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویداوە.

'ساباریمالا' پەرستگایەکی هندۆسییەکانە و دەکەوێتە ویلایەتی 'کیرلا' لە باشوری ڕۆژهەڵاتی هندستان، ساڵانە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس سەردانی ئەو پەرستگایە دەکەن و پەرستیشی تێدادەکەن، لە ساڵی ١٩٩١ەوە بە بڕیارێکی دادگای ئەو ویلایەتە، چوونەژوورەوەی ژنانی تەمەن ١٠ بۆ ٥٠ ساڵ بۆ ناو پەرستگاکە قەدەغەکرا، بەو بەهانەیەی، کە لەدوای تەمەنی ١٠ ساڵیی دەوکەنە سوڕی مانگانەوە و بەبۆچوونی ئەوانیش نەگونجاوە لەوکاتانەدا ژنان سەردانی شوێنە پیرۆزەکان بکەن، بۆ ڕێگرییکردنیش لە سەردانییکردنی ئەو ژنانەی، کە دەکەونە سوڕی مانگانەوە، سەردانییکردنیان لە منداڵی تەمەن ١٠ ساڵ تا ژنی تەمەن ٥٠ ساڵ قەدەغەکرد.

بڕیارەکە تا ڕۆژی ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ درێژەی کێشا، بەڵام لەو ڕۆژەدا هەمان دادگا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و ڕێگەی کردەوە بۆ ژنان تا بچنە ناو پەرستگای ساباریمالا و پەرستشەکانیان ئەنجام بدەن، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی زۆری هندۆسییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.

 بەهۆی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانەوە، سەرەڕای بڕیارەکەی دادگا ژنان نەیانتوانی بچنە ناو پەرستگاکەوە، بەڵام لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، لە ڕێوشوێنێکی ئەمنی تونددا، دوو ژن لە ژێر پاراستنی پۆلیسێکی زۆردا چوونە ناو پەرستگاکەوە، دوابەدوای ئەوەش خۆپیشاندان لەو ویلایەتەدا دەستیپێکرد.

پۆلیس دەڵێت تەنها لە ڕۆژی چوارشەممە زیاد لە هەزار و ٣٠٠ کەسیان دەستگیرکردووە، هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەشی بەردیان گرتووەتە پۆلیس ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دوێنیش سێیەم ژن، کە ژنێکی سریلانکی تەمەن ٤٧ ساڵ بوو، چووە ناو پەرستگاکەوە، پۆلیسیش دەڵێت ڕەوشەکە هێمنە.

لە درێژەی کاردانەوەکانی ئەو ڕووداوە، لە ناوچەی 'کۆچی' هەرێمی 'کیرلا' ژنان دژی هەر جۆرە جیاکارییەک لەگەڵ پیاواندا، چالاکییەکیان ئەنجامدا و داوایان کرد هەموو بەربەستە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم ژنانی ئەو وڵاتە هەڵبگیرێن.

لە چالاکییەکەدا لە ژێر ناونیشانی "دیواری ژنان" کە چوار بۆ پێنج ملیۆن ژن بەشدارییان تێدا کرد، پێکەوە ڕیزێکیان دروست کرد، کە درێژییەکەی نزیکەی ٦٠٠ کیلۆمەتر بوو.

 

د.ع