"٨ کاتژمێر پێش هێرشەکەی ئێران ئەمریکا ئاگادارکراوەتەوە"

ئێران لە هەشت کاتژمێر پێش هێرشە مووشەکییەکەی، کاربەدەستانی سەربازیی بارەگای عەین ئەسەدیان ئاگادارکردبووەوە و هەموو چەک و سەربازەکانیان برابوونە پەناگاکان.


ئاژانسی ڕویتەرز بە پشتبەستن بە دوو پلەداری سەربازیی عێراقی کە ناویان ئاشکرا نەکردووە، ئاشکرایکردووە کە کاربەدەستانی سەربازیی ئەمریکا لە بارەگای عەین ئەسەد هەشت کاتژمێر پێش هێرشە مووشەکییەکە لەلایەن کاربەدەستانی ئیرانەوە ئاگادار کراونەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە: سەربازانی عێراقی و ئەمریکی لەو هەشت کاتژمێرەدا هەموو چەک و کەرەستە سەربازییەکانیان گواستووەتەوە بۆ سەنگەرە تایبەتەکانیان و سەربازەکان لەناو پەناگاکان جێگر کراون.

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە، کە لەو نیوەشەوەدا هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی یان هێلیکۆپتەرێک لە شوێنی سەرکراوە لەناو بارەگاکە نەماوەتەوە.

ئەفسەرێکی هەواڵگری عێراق ئاشکرایکردووە: هێزەکانی ئەمریکا وەها لە هێرشەکە ئاگادار کرابوونەوە کە مووشەکەکان کاتژمێر ٠١:٣٠ خولەکی بەرەبەیان لەو کۆگایانەیان دا کە چەندین کاتژمێر پێش ئەوە بە تەواوەتی چوڵکرابوون.

ڕاوێژکارێکی عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشاوی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسەکەی وتووە: ئێران تەنیا چەند چرکە پێش هێرشەکە لە ڕێگەی وڵاتێکی عەرەبی و وڵاتێکی ئەوروپییەوە عێراقی ئاگادار کرووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لەناوخۆی وڵاتەکەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە هێرشەکەیدا لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بۆسەر بارەگای عەین ئەسەد نزیکەی ٨٠ سەربازی ئەمریکیی کوشتووە و ٢٠٠ی دیکەشی بریندار کردووە، ئەم هێرشەشی بە "تۆڵەی سەخت" بەناو کردبوو.

هەر دوای هێرشەکە، کاربەدەستانی ئەمریکی ڕایانگەیاند کە هیچ سەربازێکیان لەو هێرشەدا نەکوژراوە، بەڵام بەیانی ئەو ڕۆژە سوپای پاسداران بە مووشەک فڕۆکەیەکی مەدەنی ئۆکرانیای کردە ئامانج کە ١٧٦ کەس تێدا کوژران.

س.ح