٩ی ئۆکتۆبەر خۆپیشاندان بۆ ئۆجالان دەکرێت

بەمەبەستی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبەر لە برۆکسل و ستراسبورگ چالاکی ئەنجام دەدرێت.


لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا و ستراسبورگی فەرەنسا، لە ٢٠-ەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لەدژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.

تەڤگەری ژنانی کوردستان لە ئەوروپا بەو بۆنەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر ئەو ئەشکەنجانەی لەڕێگای سیستمی ئیمرالییەوە دەکرێنە سەر ئۆجالان و کەمتەرخەمیی کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە- سی پی تی ی شەرمەزارکرد.

هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئۆجالان بە شێوەیەکی ترسناک گۆشەگیرکراوە، ئاسایش و تەندروستییەکەی لە مەترسیدایە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش باس لەوە دەکات کە ئۆجالان ئەشکەنجە نەدراوە، بەوەش دانی بەوەدا نا کە لەو بارەیەوە هاوکاری دەوڵەتی تورکە.

پاشان تەڤگەری ژنانی کوردستان لە ئەوروپا بەم شێوەیە کات و شوێنی خۆپیشاندان و چالاکییەکانی ستراسبورگ و برۆکسلی ئاشکراکردووە:

برۆکسل: ٩ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ.

ستراسبورگ: ٩ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ٠١:٠٠ی نیوەڕۆ.