پارتە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان دێنە هەولێر

بڕیارە نوێنەری پارتە سیاسی و ڕێکخستنەکانی چوار پارچەی کوردستان بۆ یەکێتی نەتەوەیی سەردانی باشووری کوردستان بکەن.


ئیمام تاشچیئەر پەرلەمانتاری پێشووی ئامەد و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا ٧٠ نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخستنە کوردییەکان بە ئامانجی یەکێتی نەتەوەیی سەردانی هەولێر دەکەن.

تاشچیئەر باسی هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی کرد و وتی:"ساڵی ٢٠١٣ بۆ یەکێتی نەتەوەیی کاتێکی زۆر گونجاو بوو، بەڵام بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرا، ئەگەر ئەو کاتە کۆنگرەی نەتەوەی پێکبهێنرایا، ئێستا قەدەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شیوەیە نەدەبوو، داعش نەیدەتوانی هێرش بکاتە سەر گەلی کورد، داعش سوودی لەو پارچەبوونە وەرگرت و پێویستە هۆکاری هێرشکردنە سەر کوردان باش هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت  و پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین".

لە قسەکانیدا تاشچیئەر، وتیشی:"ئەوان ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و لەبارەی یەکێتی نەتەوەییەوە لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆیان کردووە، لە ماوەیەکی نزیکدا لە چوار پارچەی کوردستان نوێنەری ٧٠ پارتی سیاسی و رێکخستنە کوردییەکان سەردانی هەولێر دەکەن و لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی ڕاوێژ دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن".

س.ح