پرۆفیسۆر ڕۆبێرت فلیپسۆن رایگەیاند، ئەو توندوتیژییەی دەوڵەتی تورک ساڵانێکە بەرامبەر گەلى کورد ئەنجامی دەدات تیرۆری دەوڵەتە، دەشڵێت: تاوەکو دەسەڵات و هێزی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە زیاتر بێت، ئەوا چاوەڕێ ناکرێت لەگەڵ پەکەکە لەسەر مێزی دانوستان دانیشن.
پرۆفیسۆر دکتۆر ڕۆبێرت فلیپسۆن، کە مامۆستای بەشی راگەیاندن، کۆمەڵگا و کارگێڕییە لە قوتابخانەی راهێنانی کۆپنهاگن لە وڵاتى دانیمارک و لە هەمانکاتدا یەکێکە لە بەشداربووانی کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە لە دژی قەدەغەی سەر پەکەکە بە ئاژانسى فوڕاتى ڕاگەیاندووە: پێناسەنەکردنی روون و بێ پێناسە هێشتنەوەی تیرۆر، دەبێتە هۆی ئەوە حکومەتەکان ئەو ناولێنانە بەپێی خواستى خۆیان بەکار بهێنن، هەرچەندە توندوتیژیی ڕووخێنەرانە لە دژی دەوڵەتەکان بە ‘تیرۆریزم’ پێناسە دەکرێت، بەڵام ئەو شێوازە دەبێتە هۆی ئەوەى، کە توندوتیژییەکانی دەوڵەت دژی هاوڵاتیان بە ‘تیرۆری دەوڵەت’ پێناسە نەکرێت.
ئەو پرۆفیسۆرە لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەنجامدانى توندوتیژیی چەندین ساڵى ڕابردووى دەوڵەتی تورکى لە دژی کورد بە “تیرۆری دەوڵەت” پێناسە کرد و تاوانبارکردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردیشى شوبهاند بە رەفتارەکانی دژ بە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور، کە لە دژی ڕژێمی ئاپارتاید (رژێمی جیاکاریی رەگەزپەرست) تێدەکۆشا.
پڕۆفیسۆر دکتۆر فلیپسۆن وتیشى: ماندێلا لەبەرئەوەى پشتیوانیی لە بەرخۆدانی چەکداری دەکرد، لەلایەن حکومەتە پشتیوانەکانی سیستمی نەژادپەرستییەوە بە ‘تیرۆر’ تاوانبار کرابوو، بەڵام هەر ئەوەندەی لە ئەفریقای باشوور سیستمی دەسەڵات و هێز لاوازبوو، ئیدی دانوستاندن قبوڵکرا، ئیدی لەوکاتەدا ماندێلا و کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشور وەک ‘تیرۆریست’ تەماشا نەدەکران.
ئەو پڕۆفیسۆرە ڕاشیگەیاند: دەبێت دەوڵەتی تورک بهەژێنرێت، تاوەکو وەک ڕژێمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور لە دەوری مێزی گفتوگۆ دابنیشێت، چونکە تاوەکو دەسەڵات و هێزی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە زیاتر بێت، ئەوا چاوەڕێ ناکرێت لەگەڵ پەکەکە لەسەر مێزی دانوستان دانیشن.
لە کۆتای قسەکانیدا ڕۆبێرت فلیپسۆن ئاماژەى بەوەداوە: بۆیە ناساندنی پەکەکە وەک ‘ڕێکخستنێکی ناتیرۆریستی’ پەیوەستە بە حکومەتێک، یان یەکێتیی ئەوروپاوە بۆ دانوستان و هەتا لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیادا پەیوەندی ئاڵۆز و لێڵ هەبێت، دانوستان و بە تیرۆریست نەزانینی پەکەکە قورس دەبێت.
لە ڕۆژى ١٣- ١٢ – ٢٠٢١، وە لەلایەن دەستپێشخەریی دادپەروەریی نێودەوڵەتیی بۆ کورد کەمپەینى کۆکردنەوەى چوار ملیۆن واژۆ بۆ دەرهێنانیناوى پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە ژێر ناوى “با پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت” ڕاگەیەندرا و تێیدا هەزار ڕۆشنبیر و کەسایەتیی جیهان واژۆیانلەسەر کرد و لە ٣٠ وڵاتی جیهانیشەوە واژۆی بۆ کۆدەکرێتەوە.
ئ.م