پلاتفۆرمێک بۆ پشتیوانیی لە مانگرتوان ڕاگەیەندرا

لە چوارچێوەی پشتیوانییەکان لە چالاکییەکانی مانگرتن بە پێشەنگایەتی پەرلەمانتاری هەدەپە لەیلا گوڤەن بە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە وڵاتی سوید پڵاتفۆرمێک بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان دامەزرا. 


ئەو پلاتفۆرمە کە بە دەستپێشخەری 'کۆمیتەی پشتیوانی لە تێکۆشان و ئامانجەکان' لە پەرلەمانی سوید پێکهێنرابوو، دوێنێ یەکەم دانیشتنی خۆی بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، ئاکادمیسیەنەکان و ڕێکخراوەکانی سوید لە ستۆکهۆڵم ئەنجامدا و ناوی خۆی گۆڕی بۆ "یەکگرتوویی لەگەڵ لەیلا گوڤەن، مانگرتووان و هەدەپە". 

ئەم پلاتفۆرمە حەوت کۆمیتە لەخۆ دەگرێت و بۆ دەستپێکردنی کارەکانی بانگەوازێکی بڵاوکردووەتەوە بۆ خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی لە ناوەندی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لە ڕۆژی ١٦ی ئازار. 

لەو بارەیەوە بەسێ شاماری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی دیموکراتی بزووتنەوە و گەلانی ئێران، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

بەسێ شاماری لەسەر چونیەتی دەستپێکردنی ئەم پلاتفۆرمە ئاماژە بەوە دەکات، کە لە هەفتەی ڕابردووەوە لە ئاستێکی بەرز بە بەشداری پەرلەمانتارانی سوید، ئاکادمیسیەنەکان و ڕێکخراوەکان بڕیارمان دا ئەم پلاتفۆرمە ڕابگەیەنین و دەڵێت: دوێنێ یەکەم دانیشتنمان بە ئامادەبوونی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبرد و حەوت کۆمیتەمان دامەزراند. 

شاماری ئاشکرایکرد، کە بۆ ئەو پلاتفۆرمە لاپەڕەیەکی فەیسبوک و هەژمارێکی تویتەر کراوەتەوە و لە ئێستادا چالاکن و کارەکانیان بەڕێوە دەبەن. 

شاماری باس لەوە دەکات، کە بە سەرنجدان بە دۆخی خراپی تەندروستی مانگرتووان و ئەو مەترسیانەی لەسەر ژیانیان هەیە و هەروەها بەهۆی ئەوەی کاتمان کەم بوو، جارێ ئەم پلاتفۆرمەمان لە سوید دامەزراندووە، بەڵام ئەگەر فریا بکەوین و هەڤاڵان و دۆستانی دیکەمان یارمەتیمان بدەن لە وڵاتانی دیکەش ئەم پلاتفۆرمە بڵاودەکەینەوە. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەسێ شاماری ئاماژە بەوە دەکات، کە ئێمە توانیومانە بە هەوڵدانێکی زۆر ئەو پلاتفۆرم و پشتیوانییانە لە ئاستی کوردستان بگەیەنینە ئاستی جیهانیی و نێودەوڵەتی و پێویستە پشتیوانی لێبکرێت، کە ببێتە بناغەیەک بۆ پتەوکردنی پشتیوانییەکان تا هێزە ئینتەرناسیونالیستەکانیش بێنینە ناو کارەکەوە. 

بەسێ شاماری لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی لە دانیشتووانی وڵاتی سوید کرد، کە ڕۆژی ١٦ی ئازار کە ئەو خۆپیشاندانە لە ستوکهۆڵم ئەنجام دەدرێت بە جۆشەوە بەشداری بکەن.

بۆ بینینی لاپەڕەی فەرمی پلاتفۆرمەکە ئێرە کلیک بکە 


ک.ک