پلانی ترامپ چییە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

دۆناڵد ترامپ، دواجار وردەکاری پلانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان کە بە پلانی ئاشتی ناسراوە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین خستەڕوو، ئەوەش دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی پلانی ئاشتی ئیسرائیل - فەلەستین کە لە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرابوو، پلانەکەش لە لایەن فەلەستینەوە ڕەتکرایەوە.


دوێنێ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل لە کۆشکی سپییەوە ناوەرۆکی پرۆژە پێشنیازی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ڕاگەیاند.

ترامپ چی وت؟

ترامپ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ڕایگەیاند، پلانەکە دوایین چانسە بۆ فەلەستینییەکان، دووپاتیشیکردەوە ئیسرائیل هەنگاوێکی گەورەی ناوە بە ئاڕاستەی ئاشتی.

جەختی لەوەشكردەوە، فەلەستینییەکان بەدەست توندوتیژی و هەژارییەوە دەناڵێنن، هەندێک کەس دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و تیرۆر و توندوتیژی لەناویاندا بەرهەمدەهێنن، لە کاتێکدا ئەوان شایانی باشترین ژیانن.

ترامپ وتیشی: لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە لەگەڵ ئیسرائیل نەخشە ڕێگای پلانەکە بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا، کەناری ڕۆژئاوای داگیرکرا و بەشێک نییە لە پلانەکە.

کێشە سەرەکییەکان چین؟

- بارودۆخی قودس وەک ناوچەیەکی پیرۆزی جولەکە و مەسیحی و موسڵمانەکان

- دیاریکردنی سنوور بە ڕێککەوتنی لایەنەکان

- گفتوگۆ بۆ هێورکردنەوەی هەر ترس و هەڕەشەیەک بۆسەر ئیسرائیل لە لایەن فەلەستین یان دراوسێکانییەوە.

- داواکاری فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لە چوارچێوەی کەناری خۆرئاواو کەرتی غەزەو قودسی رۆژهەڵات کە لە ماوەی شەڕی ١٩٦٧ لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.

- دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوارە فەلەستینییەکان

- ڕیکخستنی دابەشکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئاو

- داواکاری فەلەستینیەکان بۆ قەدەغەکردنی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلیەکان لە کەناری ڕۆژئاواو قودسی ڕۆژهەڵات کە ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ئیسرائیلی لە کەناری ڕۆژئاوا دەژین و ٢٠٠ هەزار شوقەش لە قودسی ڕۆژهەڵات دروستکراوە.

پێشنیازی پلانەکەی ترامپ چییە؟

پێشنیازەکانی ترامپ لە کاتێکدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانی ناوە بە پلانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا.

دوابەدوای لێدوانەکەی ترامپ لەسەر پلانەکە، کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە:

- داڕشتنەوەی نەخشەی سنووری بە ئامانجی چارەسەری ئیسرائیل و فەلەستین.

- داماڵینی چەک لە حکومەتی فەلەستین و پاراستنی لەلایەن ئیسرائیلەوە.

- ڕەزامەندبوونی ئیسرائیل بە ڕاگرتنی پرۆژە نیشتەجێبووەکانی بۆ ماوەی چوار ساڵ.

- پاراستنی دۆخی مزگەوتی ئەقسا لە دەوروبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی قودس

- ئیسرائیل بەردەوام بێت لە پاراستنی ناوچە پیرۆزەکان لە قودس و گەرەنتی جولەکەو مەسیحی و ئایینەکانی تر بکات بە ئازادی دینداری خۆیان بکەن.

- هێشتنەوەی قودس بە یەکگرتوویی لە چوارچێوەی پایتەختی ئیسرائیل.

- ناوچەی قودسی ڕۆژهەڵاتیش بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینی.

- کردنەوەی ڕێڕەوێکی ئابووری لە چوارچێوەی پلانەکەدا کە حوزەیرانی ڕابردوو بە بەهای ٥٠ ملیار دۆلار پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ پاڵپشتی ئابووری فەلەستین و ئابووری وڵاتانی چواردەوری فەلەستین ڕاگەیەنرا.

ڕاگەیاندنی پلانەکە لە ئێستادا بۆچی؟

ڕەخنەگرانی پلانەکە دەڵێن: هەم ترامپ و هەم ناتانیاهۆش دەیانەوێت دەست بگرن بەسەر دۆخی ناوخۆیی ناوچەکەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە ترامپ لە لایەن ئەنجومەنی پیرانەوە لەسەر ئەو پرسەو چەند پرسێکی تر ڕووبەڕووی دادگاییکردن بویەوە، ناتانیاهۆش تۆمەتی گەندەڵی لە دژ بەرزکراوەتەوە، بەڵام هەردووکیان نکوڵی لەو تۆمەتانە دەکەن.

ناتانیاهۆ ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئازار و ترامپیش بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەم، لە کاتێکدا ناتەنیاهۆ دوو جار شکستی هێنا لە بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی "کنێست" لە ساڵی ڕابردوودا.

چاودێران پێیانوایە ڕاگەیاندنی پلانە گشتگیرەکەی ترامپ، کێشەی بۆ ناتەنیاهۆ دروستکردووە، بەوپێیەی هەر سازشێکی ئیسرائیل لە چوارچێوەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە کەناری ڕۆژئاوا یان بابەتی فەلەستین، کێشە لەناو بنکەی جەماوەری حزبەکەیدا بۆ دروستدەکات.

دەرفەتی پلانەکە چییە؟

دوایین گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە ساڵی ٢٠١٤ شکستیهێنا.

زیادکردنی ناوچەی نیشتەجێبوون لەسەر خاکی داگیرکراوی فەلەستین، بە تەواوی متمانەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلی لەناوبرد لەو چەند ساڵەدا.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا پێچەوانەی سیاسەتەکانی پێشووی لەسەر زاری وەزیری دەرەوە مایک پۆمپیۆوە ڕایگەیاند، واشنتۆن چیتر دان بە فراوانکردنی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل نانێت لە کەناری ڕۆژئاوا و ئەو هەنگاوە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە.

پەرچەکرداری هەڵوێستەکە چییە؟

دوای ڕاگەیاندنی پلانەکەی ترامپ، بنیامین ناتانیاهۆ ئەو پلانەی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفکرد، هەروەها ئەو پلانەی ترامپیشی هاوشێوەی دانپێدانانی هاری ترومان سەرۆکی ئەمریکا ناوبرد لە بارەی ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٨

.

مەحمود عەباس هەڵوێستی خۆی لەبارەی پلانەکە ڕاگەیاند

مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین دوای پلانەکەی ترامپ ڕایگەیاند، "بۆ جاری دووەم بە ناتانیاهۆ و ترامپ ڕادەگەیەنین کە قودس بۆ فرۆشتن نییە، تەواوی مافەکانمان بۆ فرۆشتن و ڕێککەوتن نییە، ئەو پلانەشتان پیلانگێڕییەو سەرناگرێت.

بەرپرسانی باڵای فەلەستین جەختیان لەوە کردەوە پلانەکە قابیلی قبوڵ نییە جێبەجێ بکرێت.

لە چوارچێوەی پلانەکانیدا، ئەمریکا قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل ناساندو باڵیۆزخانەی خۆی لە تەلئەبیبەوە گواستەوە قودس و تەواوی ئەو هاوکارییە مرۆییانەشی ڕاگرت کە بەبەهای سەدان ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرا بۆ فەلەستینییەکان.

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ڕاگرتنی ئەو هاوکارییانە بۆ ملدان و ڕازیبونی بەرپرسانی فەلەستینە بۆ گەڕانەوەیان بۆ مێزی گفتوگۆ، بەڵام تا ئێستا ئەوە شکستیهێناوە.

مێژووی ١٠٠ ساڵ ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین - وێستگە گرنگەکان

- لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئیدارەی ترامپ وتی: دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە کەناری ڕۆژئاوای فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی نییە.

- لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ ترامپ قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند.

- لە نیسانی ٢٠١٤ گەڕی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین شكستیهێنا.

- لە ئەیلولی ٢٠٠٠ و لە شوباتی ٢٠٠٥ ڕاپەڕینی دووەمی فەلەستینیەکان ڕاگەیەنرا.

- لە ئەیلولی ١٩٩٣ ئیسرائیل و فەلەستین ڕێککەوتنی ئاشتییان لە ئۆسلۆ واژۆ کرد.

- لە کانونی یەکەم ١٩٨٧ و ئەیلولی ١٩٩٣ ڕاپەڕینی یەکەمی فەلەستینییەکان دژ بە داگیرکاری ئیسرائیل دەستیپێکرد.

- لە حوزەیرانی ١٩٦٧ جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرسا.

- لە ئایاری ١٩٤٨ داگیرکاریی بەریتانی لەسەر فەلەستین کۆتاییهات و دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاگەیەنراو وڵاتانی عەرەبی هێزیان جوڵاند بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، بەهۆی شەڕەکەشەوە ٧٠٠ هەزار فەلەستینی ئاوارە بوون.

لە تشرینی دووەمی ١٩٤٧ نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیازی دابەشکردنی فەلەستینی کرد بەسەر دوو دەوڵەتی جولەکەو عەرەبیدا، بەرپرسانی جوولەکە لە فەلەستین بە پێشنیازەکە ڕازی بوو، بەڵام بەرپرسانی عەرەب ڕەتیانکردەوە.

لە کانونی یەکەمی ١٩١٧ هێزەکانی بەریتانیا فەلەستینیان داگیر کرد.

ک.س