وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پنتاگۆن” بە فەرمی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق ڕاگەیاند، بەرپرسێکی سەربازی ئەو وڵاتەش ئاشکرایدەکات، سێ یەکی هێزەکانیان کەمدەکەنەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی پنتاگۆن، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریداوە بەشێک لە هیزەکانی ئەمریکا لە عیراق کەم بکاتەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەکەی نەکردووە.
جێسیکا ماک نۆڵتی وتەبێژی پنتاگۆن بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە، کەمکردنەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەسەر بنەمای سەرکەوتنی شەڕی داعشە لەسەر بڕیارو ڕێنمایی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکایە.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە ئەم بڕیارەی ترامپ بۆ بەکارهێنانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە، لە کاتێکدا شەڕ کۆتایی نایێت.
دوابەدوای گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣، جارێکیتر لەسەر خواستی عێراق گەڕانەوە عێراق بۆ بەگژاچوونەوەی داعش و لەناوبردنی لە ساڵی ٢٠١٤.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە چەند مانگی داهاتوودا نزیکەی سێیەکی سەربازەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە کە ئێستا نزیکەی پێنج هەزار و ٢٠٠ سەرباز دەبن.
بە وتەی ئەو بەرپرسە سەربازیەی ئەمریکا کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، لە ماوەی دوو تا سێ مانگی داهاتوودا ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بۆ نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ سەرباز کەم دەکاتەوە.
ئەمریکا و عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، پابەندبوونی خۆیان بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دووپاتکردەوە، بە تایبەت کە سەرەتای ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە دەرچوونی هێزی بیانی لە عێراق.
ی. ک