پنتاگۆن: ناوچەی ئارام قۆناغ بە قۆناغ پێکدێت

پنتاگۆن ڕایگەیاند: میکانیزمی ناوچەی ئارام قۆناغ بەقۆناغ پێک دێت، ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بەردەوامە لە گفتوگۆ و ئامادەیە کە بەخێرایی دەستبەکارببێت.


سەن ڕابرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بۆ ئاژانسی هەواڵی   AFP زانیاریی لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک بۆ دروستکردنی 'ناوچەی ئارام' لە ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو.

سەن ڕابرتسۆن، ڕایگەیاند: پلان وایە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ تورکیا دابمەزرێنین، ئێمە بۆ جیگرەوەی نوێ دەگەڕێین.

وتەبێژی پنتاگۆن، ڕاشیگەیاند: میکانیزمی ناوچەی ئارام قۆناغ بەقۆناغ پێک دێت، ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بەردەوامە لە گفتوگۆ و ئامادەیە کە بەخێرایی دەستبەکارببێت.

لە هەفتەی پێشوودا لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا ڕێکەوتنێک کرابوو، دوای دیداری لایەنە سەربازییەکانی هەردوو وڵات لەچوارچێوەی 'ناوچەی ئارام'دا ڕاگەیەنرا، کە ئەوان لەسەردامەزراندنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش رێککەوتوون.

'ڤوتەل نایەوێت کە هەمووشتێک لەژێرکۆنتڕۆڵی تورکیادا بێت'

ژۆسێف ڤوتەل، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دژایەتیی خۆی لەبەرامبەر دروستبوونی ناوچەیەکی ئارام لە ژێرکۆنترۆڵی تورکیادا نیشان دا.

ژنراڵ ڤۆتەل لە وتارێکدا لە گۆڤا(  The National Interest  )دا وتی، "ناوچەیەکی ئارامی بەو شێوەیە بۆ هەموو لایەک کێشەیە".

ڤۆتەل، وتی:"داسەپاندنی ناوچەیەکی ئارام بە قۆڵایی ٣٠کم لە ڕۆژهەڵاتی فوراتدا  ئەنجامێکی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە: کۆچبەرکردنی زیاتر لە ٩٠ لەسەدی دانیشتووە کوردەکانی سووریایە، قوورسترکردنی دۆخی مرۆییە لە ناوچەکەدا، جێگیرکردنی سوپا، خۆشکردنی شەڕێکی سەختە لەناوچەکەدا".

ش.ف