پوتین: چەتەکان لە ئیدلبەوە ڕەوانەی لیبیا دەکرێن

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا ڕایگەیاند، گروپە چەتە بێ چەکەکان لە ئیدلیب-ی سوریاوە ڕەوانەی لیبیا دەکرێن و بەو هۆیەوە دۆخی لیبیا خراپتر بووە.


دوێنێ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا، دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ جوزیپە کۆنت، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشیان ئەنجامدا و پوتین ڕایگەیاند، گروپە چەتەکان لە ئیدلبەوە ڕەوانەی لیبیا دەکرێن.

پوتین ڕاشیگەیاند، ڕەوانەکردنی هەندێک گروپی چەتە بەرەوە لیبیا جێگای نیگەرانییە و بەو هۆیەوە دۆخی لیبیا زۆر خراپتر بووە.

پوتین داوای لە لایەنەکانی لیبیا کرد، دەست بە پرۆسەیەکی سیاسی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

چەتەکان تەنها لە ڕێگەی تورکیاوە ڕەوانەی لیبیا دەکرێن

ئەگەرچی ڤلادیمیر پوتین، باسی ئەوەی نەکرد، کە گروپە چەتەکان لە ئیدلبەوە چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە ڕەوانەی لیبیا دەکرێن، بەڵام ئەوە ڕوونە، کە تاکە ڕێگای ڕەوانەکردنی چەتەکان لە ئیدلبەوە بۆ لیبیا تەنها تورکیایە، چونکە چەتەکان هیچ ڕێگایەکی تریان جگە لە تورکیا نییە، کە لە ئیدلبەوە بڕۆن بۆ لیبیا.

ڕژێمی سوریا بە پشتیوانی روسیا و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئیدلب ماوەی چەند مانگێکە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن.

د.ع