پژاک: ئێران دەیەوێت ڕەوایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران بدات

ڕێکخستنەکانی پژاک لە ئەوروپا، داوا لە کوردانی دەرەوە دەکات بەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران بێدەنگ نەبن، هەروەها ڕایدەگەیەنن، سیاسەتی دەسەڵاتداریی ئێران و برسیکردنی گەل، وایکردووە هەزاران کەس ناچاری کۆڵبەریی ببێت، پژاک دەشڵێن: ئیران بە بەقاچاخچی ناساندنی کۆڵبەری دەیەوێت ڕەوایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران بدات.


ئەمڕۆ کۆردیناسیونی رێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە ئەوروپا، بە ڕاگەیەندراوێک سیاسەتی برسیکردنی خەڵک و کۆمەڵکوژکردنی کۆڵبەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار کرد و داوایەکیشی ئاراستەی هەموو کوردان و ئازادیخوان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"حکومەتی ئێران بە دڕێژایی تەمەنی بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی خۆی بەسەر تاک و کۆمەڵگادا هەمیشە سیاسەتی داگیرکاری و برسیکردنی سیستماتیکی کۆمەڵگای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو ئامرازێک بۆ بێکاریگەرکردنی کۆمەڵگا و بۆ سەپاندنی هەژموون و ڕەواییدان بە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا پەیڕەو کردووە، هەمیشە هەوڵیداوە تاک و کۆمەڵگا لە جەوهەری ئازادیخوازی خۆی دوور بخاتەوە و گرێدراوی سیاسەتەکانی خۆی بکات، بەڵام سەرەڕای ئەو سیاسەتە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بەدەستی ئەو ژیانە بێنرخەی دەسەڵاتدارییەوە نەداوە، هەمیشە لەو ململانییەدا و لە گۆرەپانی تێکۆشانی ئازادیخوازی، خۆی پاراستووە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی ژیانێکی شەرافەتمەندانە و ئازادیخوازانەی بە بنەما گرتووە، لەم چوارچێوەیەدا بە ڕەنج و زەحمەتکێشان بۆ ژیانی خۆی، نرخەکانی مرۆڤ بوون و کەسایەتی خۆی لە سیاسەتی مشەخۆری دەوڵەتی داگیرکەری ئێران پاراستووە و خۆبەدەستەوەدانی قبوڵ نەکردووە".

 هەروەها هاتووە:"لەم چوارچێوەدا یەک لەو دیاردانەی کە لە ئەنجامی سیاسەتی مشەخۆری دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵداوە دیاردەی 'کۆڵبەری'یە، کە لە بەر نەبوونی و بێدەسەڵاتی ئابوری چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بۆ دابینکردنی پێداویستی سەرەتایی ژیانی خۆیان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاوی کار پێوە سەرقاڵن، سەرەڕای ئەوەی کە دیاردەی کۆڵبەری لەژێر سیاسەتی برسیکردنی کۆمەڵگای ڕۆژهەلاتی کوردستان سەری هەڵداوە، لە ئێستادا وەک ڕێگایەکی مەرگە کە خەڵک بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆی ناچار بە ئەنجامدانی بووە، بەڵام هاوکاتی ئەوە بە پێناسەکردنی ئەو دیاردەیە بە ڕێگایەکی ناڕەوا بە قاچاخچێتی ناوبردنی، دەوڵەتی ئێران هەوڵدەدات لە ڕای گشتیدا ڕەوایەتی بە کۆشتنی کۆڵبەران بدات، لەم چوارچیوەدا و لەم ڕۆژانی ڕابردوو سوپای پاسداران بە هاوکاری حەشدی شەعبی کۆمەڵیک کۆڵبەریان خستووەتە بوسەیکەوە و لە ئەنجامدا چەندین کۆڵبەریان کۆمەڵکۆژ کردووە و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون".

لە کۆتاییدا ڕێکخستنی پژاک لە ئەوروپا ڕایگەیاندووە:"سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوەیە هاوکات بە بڕیارداری و هەستی بەرپرسیاریەتی و بە بنەماگرتنی ئازادکردنی کوردستان لەدەستی داگیرکەران پەرە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین و خاوەندارێتی لە چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دەکەین، هەروەها بانگ لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤ دوست بە تایبەت گەلی کورد لە ئەوروپا دەکەین، بۆ شەرمەزارکردنی ئەو کردەوانە بێهەوڵوێست نەبن و خاوەندارێتی لە ئەو مرۆڤە زەحمەتکێش و ڕەنجدەرانە بکەن و لە بەرامبەر چارەنووسی گەلەکەمان بەرپرسیارێتی خۆیان پێکبێنێن".

س.ح