پۆمپیۆ: ئامانجی فشارەکانمان ڕاکێشانی خامنەییە بۆسەر مێزی دانوستان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: فشارە ڕەهاکانمان بۆسەر حکومەتی ئێران بۆ گەیشتن بە دوو ئامانجە، کە یەکێکیان ڕاکێشانی ڕێبەری ئێرانە بۆسەر مێزی دانوستان بە شێوەی ڕاستەوخۆ.


مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکی خۆیدا کە لە ڕۆژنامەیەی "یوئێس‌ئێس تودەی" ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئامانجەکانی وڵاتەکەی لە فشاری قورس دژی ئێران و ئەو ڕێککەوتنەی کە مەبەستیانە لەگەڵ ئێران بیکەن ڕوون کردووەتەوە.

لە وتارەکەیدا پۆمپیۆ نووسیویەتی: "ئەمریکا لە فشارەکانی بۆسەر ئێران دوو ئامانج پەیڕەو دەکات، یەکەمیان بێبەشکردنی دەوڵەتی ئێرانە لە پارەیەک کە بۆ کردەوە تێکدەرانەکانی خەرجی دەکات، دووەمیشیان ناچارکردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران بۆ هاتنە سەر مێزی دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مایندە و هەمە لایەنە.

پۆمپیۆ ڕوونیکردووەتەوە، کە حکومەتی وڵاتەکەی چوار بابەتی خستووەتە پێش بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران "بەرنامەی ئەتۆمی، گەشەپێدان و پەڕەپێدانی مووشەکە بالستییەکان، پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکان و هەروەها دەستگیری دەرەوەی یاسا و هەڵسوکەوت لەگەڵ هاوڵاتیانی ئەمریکا".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێبەری ئێران ڕاشکاوانە دانوستان لەگەڵ ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە و زۆربەی کاربەدەستانی ئێرانیش شوێنی ئەو قسەیەی خامنەیی کەوتوون، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ئامادەن بە مەرجێک گەمارۆکانی سەر ئێران لاببرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە کە بە "بەرجام" ناسراوە، دەتوانن ڕێکبکەون لەگەڵ ئەمریکا.

س.ح