پۆمپیۆ ئەمڕۆ لە ئەوروپا و سبەی لە ڕوسیا دەبێت

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ دەگاتە ئەوروپا و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا هەروەها فدریکا موگرینی کۆدەبێتەوە، سبەینێ دەڕواتە ڕوسیا و لەگەڵ پوتین کۆدەبێتەوە.


مایک پۆمپیۆ، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بگاتە ڕوسیا و لەگەڵ ڤلادمیر پوتین کۆببێتەوە، بەرنامەکە گۆڕی و ئەمڕۆ دەڕواتە بەلجیکا و لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا، هەروەها فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیندراوێکدا دەربارەی سەفەرەکی پۆمپیۆ ڕایگەیاندووە، بابەتی وتووێژەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ کاربەدەستانی ئەوروپی، تایبەت بە ئێرانە، هەر بەو ئامانجەش دوای مانەوەی یەک ڕۆژەی لە ئەوروپا بەرەو بەندەری سووچی لە ڕوسیا بەڕێ دەکەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕوسیا کۆببێتەوە.

ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا وەک سێ وڵاتی واژۆکەری ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ڕوسیا و چین پشتیوانی ئەو ڕێککەوتنەن، بەڵام دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئێران هەڕەشەی کرد کە پابەندبوونەکانی بە ڕێککەوتنەکە کەم دەکاتەوە، ئەو سێ وڵاتە لەگەڵ فدریکا موگرینی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و داوایان لە ئێران کرد کە، "دەست لە هەموو کارێک بپارێزێت کە دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی کێشەکان".

س.ح