پۆمپیۆ بۆ خامنەیی: مانگی ڕابردوو ٥٥ گەشتی ئاسمانییتان بۆ وهان ئەنجامداوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی تۆمەتەکانی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دەداتەوە و دەڵێت: بە تەنها مانگی ڕابردوو ٥٥ گەشتی ئاسمانییان بۆ هەرێمی وهانی چین ئەنجامداوە.


لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە عەلی خامنەیی خستییە پاڵ ئەمریکا بەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ئێراندا بڵاوکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ ئەو وتانەی بە اناڕاست ناوبرد و ڕایگەیاند: نەک ئەو تۆمەتانە ڕاست نییە، بەڵکو ئێران مانگی ڕابردوو ٥٥ گەشتی ئاسمانی لەگەڵ وهانی چین ئەنجامداوە لەکاتێکدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تیایدا گەیشتبووە لوتکە.

پۆمپیۆ ڕەخنەی توندیشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران گرت، کە بەوشێوەیە ڕوبەڕووی کۆرۆنا دەبنەوە و وتی، کە خامنەیی ڕاستی نەکرد، وهان بووەهۆی مەترسیی بۆسەر ئێران نەک ئەمریکا و بەپێویستیشی زانی، گەلی ئێران بزانن وڵاتەکە لەژێر مەترسییەکەی گەورەدایە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو عەلی خامنەیی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێران و جیهاندا، لە بەرامبەردا پۆمپیۆ ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی ئێران بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئاستی پێویستدا نییە و هەروەها شەفاف نییە لە خستنەڕووی قوربانییەکانی ڤایرۆسەکە، دوپاتیکردەوە کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئێران بوونەتە قوربانی.

پۆمپیۆ ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ئێران تەواوی هاوکارییەکانی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و دەسەڵاتدارانی ئێران پێیانوابووە، کە ئەوە داوە بۆیان نراوەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا گەلی ئێران باجەکەی داوە.

لە کۆتاییشدا دووپاتیکردەوە کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرپۆسەکە، ڕانەگرتنی گەشتەکانی ئێران بووە لەگەڵ چین، بەتایبەت هێڵی ئاسمانی ماهان کە ٥٥ گەشتی ئاسمانی لەگەڵ وهان ئەنجامداوە.

 

ش.ف