پۆمپیۆ: ترامپ هەموو کارێکی کردووە تا شەڕ ڕوونەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەبێ هیچ گومانێک ئێران بەرپرسی هێرش بۆسەر کەشتییەکانە و ڕاشیگەیاند: "ترامپ هەموو کارێکی کردووە بۆ ئەوەی شەڕ ڕوونەدات، بەهێزەوە کارەکانمان دژی کردەوەکانی ئێران لە ناوچەکە بەردەوام دەکەین".


شەوی ڕابردوو مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ فۆکس نیوز قسەیکردووە و جارێکی دیکە جەختی لەسەر ڕۆڵی ئێران لە هێرش بۆسەر ئەو دوو کەشتییە نەوتبەرە کردووەتەوە کە لە دەریای عومان کراونە ئامانج.

پۆمپیۆ ڕایگەیاند: بەبێ هیچ دوودڵییەک، ئێران بەرپرسی هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووە بۆسەر کەشتییە نەوتبەرەکان لە کەنداوی فارس.

پۆمپیۆ هەروەها وتوویەتی: "ترامپ هەموو کارێکی کردووە تا پێش لە ڕوودانی شەڕ بگرێت، کاربەدەستانی تاران پێویستە تێبگەن کە واشینتۆن بە هێزەوە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ وەستاندنی کردەوەکانی ئێران لە ناوچەکە".

هەر دوێنێ پۆمپیۆ بە بە تۆڕی 'سی ‌بی ‌ئێس'ی وتبوو:"نامانەوێت بکەوینە شەڕێکەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام هەمیشە بۆمان هەیە کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەین".

هەر دوێنێ فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "سنتکام" دەناسرێت، پشتڕاستی کردەوە کە ئێران هاوکات لەگەڵ هێرش بۆسەر کەشتییە نەوتبەرەکان هەوڵی داوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا بخاتە خوارەوە تا نەیهێڵێت ڕۆڵی سوپای پاسداران لەو هێرشە تۆمار بکات.

هەروەها ئادام شیف سیناتۆری باڵای دیموکرات و سەرۆکی کۆمیتەی زانیاری لە کۆنگریسی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: ئەو بەڵگانەی لە دەستمان دایە، ئەوەندە قورس و جێگەی باوەڕن کە جێی بۆ پرسیارێک لەسەر ڕۆڵی ئێران لەو هێرشانە ناهێڵێتەوە.

س.ح