پیاوێکی کورد بە ٩١ ساڵ تەمەنەوە بەسەر کۆرۆنادا زاڵبوو

ئیبراهیم ئۆزاڵپ، کە کوردێکی ئەلبیستانی باکوری کوردستانە و نیشتەجێی لەندەنە و تەمەنی ٩١ ساڵە نەخۆشی کۆرۆنای تێپەڕاند و چاکبووە.


ئۆزاڵپ، ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە لەندەن سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو، بەڵام پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندبوو کە تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئۆزاڵپ لەو کاتەوە لە ژوورێکی نەخۆشخانەکە کەرەنتینە کرابوو و لەژێر چاودێریی پزیشکەکاندا بوو و لەگەڵ ئەوەی کە ئیبراهیم ئۆزاڵپ لە ساڵی ١٩٢٧ لەدایک بووە و تەمەنی ٩١ ساڵە بە هۆی ئەوەی بەرگریی لەشی بەهێز بووە، نەخۆشی کۆرۆنای تێپەڕاندووە.

ئۆزاڵپ تا ئێستاش لە نەخۆشخانەیە بەڵام چاوەڕێدەکرێت سبەینێ بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ماوەیەک لە کەرەنتینەدا دەمێنێتەوە و پزیشکەکان باسی ئەوەیان کردووە دۆخی ئەو پیاوە بەتەمەنە کوردە باشە و هیچ کاریگەریەکی کۆرۆنای لەسەر نەماوە.

بەهزاد ئۆزئاڵپ کوڕی ئیبراهیم ئۆزئاڵپ ڕایگەیاند، لەبەرئەوەی باوکی کێشەی هەناسەدانی نەبووە، کۆرۆنا کاریگەری لەسەر دروست نەکردووە و وتی: بە هۆی نەخۆشی دڵەوە بردمان بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە ئەنجامی پشکنیندا دەرکەوت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و بە خێرایی لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و خرایە ژێر چاودێریی پزیشکەکان، ئێستا دۆخی زۆر باشە، پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە، دۆخی تەندروستی زۆر باشە، بەڵام پێویستە ڕۆژێکی تریش لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە، دوای ئەوەی ڕەوانەی ماڵەوە کرا، ١٤ ڕۆژیش لە ماڵەوە لە کەرەنتینەدا دەبێت، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو و دەوروبەرەکەی دروست نەبێت.

د.ع