پیرشالیار.. جەژنێکی گەرم لەنێو کەشوهەوایەکی بەفراویدا

جەژنی پیرشالیار، لەناو کەشوهەوایەکی سارددا، لەناو دامێنی دوو چیای سەرکەشدا، جەژنێکی گەرم لەناو دڵی هەوراماندا بەڕێوەدەچێت، بە چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی، زڵە "جموجوڵ" دەکەوێتە ئاوایی و هەمووان بە گەنج و پیرەوە ژیانی ئاساییان لەبەردا هەڵدەگیرێت.


بە ھاتنی یەکەمین چوارشەمەی چلەی زستان، لە گوندی هەورامانی تەخت پۆل پۆل خەڵک لە میوانان و خەڵکی ناوچەکە ڕوودەکەنە گوندەکە بۆ بەشداربوون لە جەژنی پیرشالیاردا کە چەندین سیمای ئایینی و کلتوری تێیدا بەرجەستە دەبن، بڕیارە ئەمڕۆ ئەم مەراسیمە بەڕێوەببرێت.

نزیکەی ھەزار ساڵە خەڵکی ھەورامان یادی پیرشالیار دەکەنەوە، کە یەکێک بووە لە ٩٩ پیرە بەناوبانگەکانی ھەورامان لە سەردەمی ئایینی زەردەشتیدا، خەڵک بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە ئەنجامدانی چەندین مەراسیم و چالاکی، جەژنەکە بەڕێوەدەبەن.

لە سەربانی ماڵەکانەوە، لە پەنجەرەی هەیوانەکانەوە، سەدان کەس چاو دەبڕنە مەراسیمەکە، داڵانە تەنگەبەرەکان جمەیان دێت لە خەڵکی، پۆل پۆل بەرەو ماڵی پیر دەچن، لەوێ کۆڕی زیکر دەگێڕن، لە بەردەم ماڵی پیر کۆڕو زیکری دەروێشان تا کەشکەشانی فەلەک دەڕوات.

 

لە تەواوی وڵاتانەوە میوان گەلێکی زۆر بەشداری جەژنەکە دەکەن، تەواوی گوندنشینانی هەورامانیش لێرەدا کۆدەبنەوە.

هەفتەیەک پێش جەژنەکە، ئاشەکان دەکەونە ئیش و خێزانەکان هاوبەشی دەکەن لە دروستکردنی خواردن بۆ میوانەکان، هەر بنەماڵەیەک کارێک لە ئەستۆ دەگرێت، ئەم جەژنە تەمەن هەزار ساڵە ڕێوڕەسمەکانی هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.

جەژنەکە فۆڕمێکی ئیسلامیانەو ناوەڕۆکێکی زەردەشتیانەو بۆنێکی یارسانیانە دەدات، بەجۆرێک ئاوێتەی یەکدی بوون، مەحاڵە هیچ کەسێک بتوانێت لەیەکیان جیا بکاتەوە، هیچ ئایینێكیان بتوانێت خۆی زاڵ بکات لەناویدا، هیچ ڕەنگ و دەنگێک زیاد لە پێویستی خۆی بدرەوشێتەوە تیایدا، یەک پارچە هارمۆنیایەک و ئاوازێکی هەورامیانەی سەرکەشە.

پیر یەکێک بووە لە کەسایەتییەکانی ئایینی زەردەشتی کە تەواوی هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی زەردەشت بووە لە کوردستان لە پێش هاتنی ئایینی ئیسلامدا، مەزارەکەشی دەکەوێتە ھەمان ناوچەکەوە کە ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر سەردانی دەکەن.

لە بارەی کەسایەتی و ئایینی پیر شالیارەوە سەرچاوە مێژووییەکان و دانیشتووانی ناوچەکە کۆکن لەسەر ئەوەی لە سەردەمی خۆیدا پیرێکی ئاینداری خۆشەویست بووە لەلای خەڵکی ناوچەکە.

زەماوەند یان جەژنی پیرشالیار رۆژی یەکەم لە بەری بەیاندا بە کڵاورۆشنە دەستپێدەکات و لەلایەن منداڵانەوە گوێزی باخی پیر بەسەر ماڵاندا دەبەخشنەوە، دواتر بە ئەنجامدانی قوربانی و دابەشکردنی گۆشتەکەیی و ئامادەکردنی خوان بۆ بەشداربووانی رێوڕەسمەکە، ھەروەھا ژەنینی دەف و تەھلیلەی دەروێشان و سرووتە ئاینییە عیرفانییەکان لەلایەن گەنجان و پیرانی ھەورامانەوە بەڕێوە دەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و تا رۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت.

دوا نیوەڕۆی یەکەمی جەژنی پیرشالیار، تایبەتە بە مەراسیمی عیرفانی دەفژەنین و زیکر و حاڵی دەروێشان کە پێکەوە دەست لەناو دەست لەگەڵ گەنجان و پیاوان ھاوتا لەگەڵ ژەنینی دەفەکان دەستپێدەکەن تا ئێوارەی ئەو ڕۆژە.

لە پاڵ مەزاری پیر، کچان و ژنان پارچە قوماشێک بە سێ گرێ دەبەستن، وەک هێمایەک بۆ (وتەی چاک - نیەتی چاک - کرداری چاک)ی ئایینی زەردەشتی، هەر لەوێ چلەخانە هەیە، کە تیایدا پیر چلەی گرتووەو زیارەتکەران هەموو ساڵێک دەچنە چلەخانەکەو نزا دەکەن.

لەپشت شانۆی مەراسیمەکەوە، ژن کاراکتەرێکی سەرەکییە، کەچی لە ڕێوڕەسمەکاندا ڕۆڵی نادیارە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن "تێکەڵبوونی ئایینی ئیسلام لە جەژنەکەدا، دەرکەوتنی ژنی لە زیکرو دەفلێداندا هەڵگرتووە".

س.ح